کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگای نێودەوڵەتیی "گەلییە سوولێ" لە ورمێ ڕێگایەکی مەترسیدارە بۆ خەڵک

10:28 - 14 بەفرانبار 2720

لە ناوچەی "سۆما و برادۆست" سەر بە پارێزگای ورمێ ڕێگای نێودەوڵەتیی "گەلییە سوولێ" هەڵکەوتووە کە ئەو ڕێگایە بووەته شوێنێک بۆ ڕوودانی کارەسات و گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن، ئەو ڕێگایە بەهۆی ئەوەیکە لەلایەن ڕێژیمەوە نۆژەن ناکرێتەوە ساڵانە ماشینی گەشتیاران، مینی بووس، تریەلی و دەیان جۆر ماشینی دیکە تووشی ڕووداو دەبن و سەرنشینەکانی گیانیان لەدەست دەدەن.

ئەو ڕێگایە "گاردڕەیلـ"ـی نییە، پردەکانی کۆن و پرتووکاون و ڕێگاکەش خۆی هەمووی کەند و قووڵکەیە.

بەپێی قسەی هاووڵاتییان لەو ناوچەیە، هەتا ئێستا چەندین جار بە شێوەی نووسراوە داوایان لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران کردووە کە کێشەکانی ئەو ڕێگایە چارەسەر بکرێت، بەڵام هیچ لایەنێکی پێوەندیدار وڵامدەر نەبووە.

ساڵانە دەیان هاووڵاتی لە کوردستان بەهۆی ستاندارد نەبوونی ڕێگاوبانەکان بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست دەدەن یان بریندار دەبن.