بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، ڕۆژی هەینی ٢٩ی ڕەشەمە، هەموو ئیمکاناتی خۆیان وەگەڕ خستووە کە پێش لە بەڕێوەچوونی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز بگرن.
بڕیار بوو خەڵکی مەهاباد لە ڕێوڕەسمی نەورۆز لە گوێکتەپە و تەرەغە بەشداری بکەن، بەڵام دەزگا ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە مەهاباد چەندین کەسییان لە لاوان و کەسانی خۆشناوی ئەو شارەی بانگهێشت کردبوو و هۆشداریی پێدابوون کە نابێ لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی تەرەغە و شاروێران بەشداری بکەن.
ڕێژیمی ئێران ئەو ڕێگایانەی لە مەهابادوە بەرەو تەرەغە دەڕوات بە هێزیکی نیزامیی زۆرەوە تەنیبوو و ڕێگای نەداوە کە خەڵک لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی تەرەغە بەشداری بکەن.
هەروەها لە بۆکان هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە گوندەکانی: ''عەزیزکەند، نۆبار، دارەگردەڵە، سەیدئاوا، پاشبڵاغ و تەرەغە" بەڵاوەیان پێ کرابوو و ڕێگاکانی کێوی تەرەغەیان بەستبوو.
بەپێی زانیارییەکان، سەرەڕای هێزەکانی ڕێژیم لە بۆکان، هێزێکی زۆریش لە شارەکانی سایینقەڵا و میاندواو ڕەوانەی دەوروبەری کێوی تەرەغە کرابوون هەتا پیش بە بەڕێوەچوونی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز بگرن.
هەروەها خەڵکی شاری سەقز بڕیاریان دابوو ڕۆژی هەینی له کێوی ڕووش ئاگری نەورۆز بکەنەوە و بە ئاهەنگ و خۆشییەوە بەرەوپیریی ساڵی نوێ بچن، بەڵام هێزەکانی سپا و ئیتلاعاتی ڕێژیم هەموو ڕێگەکانی چوون بۆ ڕووشیان گرتبوو و بە هەڕەشه و فیلم هەڵگەرتن لە ژمارە پلاکی ماشینەکان ڕێگرییان له خەڵک کرد.
هەرچەند بەهۆی ئەو هەوڵەی ڕێژیم خەڵکێکی زۆر نەیانتوانی لەو ڕێوڕەسمەدا بەشداری بکەن، بەڵام سەدان کەس خۆیان گەیاندە کێوی ڕووش و ئاگری نەورۆزیان هەڵ کرد.
خەڵکی کوردستان وەکوو نەریتی هەموو ساڵێک لە جێژنی نەورۆزدا لە دەوری یەک کۆ دەبنەوە و بە بەڕێوەبردنی ئاهەنگ و خۆشی بەرەوپیریی ساڵی نوێ دەڕۆن و ئەو بۆنە پیرۆزە نەتەوەییە پێکەوە جێژن دەگرن، بەڵام ڕێژیمی ئێران بۆنە نەتەوەییەکانی کوردستان بە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر خۆی دەزانێت و بە هەموو شێوازێک ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمانە دەکات.