
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١ی خەزەڵوەر، "ڕەجەب تەیب ئەردوغان" بە دوای بەیانییەی دە باڵوێزی ئامریکایی و ئورووپایی سەبارەت بە ئازادکردنی چالاکێکی سیاسیی بەندکراو لەو وڵاتە، ئەو دە باڵوێزەی لە تورکیە دەر کرد.
"ئەردوغان" وتوویەتی، ئەو دە باڵوێزە وەک فاکتەرێکی نەشیاو دەبێت وڵاتی تورکیە بەجێ بهێڵن.
پێشتر دە باڵوێزی ئامریکایی و ئورووپایی لە بەیانییەیەکی هاوبەشدا داوایان لە وڵاتی تورکیە کردبوو "عوسمان کاوالا" چالاکی سیاسیی بەندکراو لە زیندانەکانی تورکیە ئازاد بکرێت، هەروەها وتبوویان، دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە سیاسییە سێبەر دەخاتە سەر ڕێزگرتن لە دێموکراسی.
ئەو دە باڵوێزە سەر بە وڵاتانی "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، فەرانسە، ئاڵمان، دانمارک، نۆروێژ، هولەند، سوید، فینلاند، کانادا و نیوزلەند"ن.
پێشتر کاربەدەستانی تورکیە "کاوالا"یان بە تۆمەتی پشتگیری لە ڕێکخراوەی "فەتحوڵڵا گولەن" و هاوکاریکردن لە کودتای تورکیە لە ساڵی ٢٠١٦ بە چوار ساڵ زیندان مەحکووم کردبوو.
"دێوید ساسولی" سەرۆکی پارلمانی ئورووپا بەنیسبەت ئەو هەوڵەی تورکیە هەڵوێستی نیشان داوە و وتوویەتی: "ئەو کارە تورکیە بەرەو ملهوڕی دەبات و ئێمە هەڕەشە قبووڵ ناکەین و دەبێ کاوالا ئازاد بکەن".