کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەخنەی زەریف لە هەمبەر داخستنی چەندین حەسێبی ڕێژیم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

11:38 - 27 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە هەمبەر داخستنی حەسێبی تویتێری هەندێک کەس و ڕێکخراوی سەر بە ریژیمی ئێران، ڕەخنەی لە بەرپرسی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتێر گرتووە.

 محەممەدجەواد زەریف، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، وێڕای ئاماژەدان بە داخرانی هەندێک حەسێبی تویتێری سەر بە کەسایەتی و دامەزراوەکانی ڕێژیمەکەی، ڕەخنەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتێر گرتووە، کە بۆچی حەسێبی دژبەرانی ڕێژیم داناخرێت.

زەریف ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە تویتێکدا بەرپرسی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەی بەوە تاوانبار کردووە، کە لە حاڵێکدا ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە ئیزنی چالاکی بە دژبەرانی ڕێژیمی ئێران داوە، دەستی داوەتە داخستنی حەسێبی هەندێک کەسایەتی و دامەزراوەی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

کاربەرانی تویتێر لە بەرانبەر ئەو قسانەی جەواد زەریف، نووسیویانە: ئەوان (دژبەرانی ڕێژیمی ئێران) کۆمەڵێک ئازادیخواز و نەتەوەپەرەستن کە بۆ ڕزگاریی وڵاتەکەیان و دابینکردنی دێموکراسی لە ئێران هەوڵ دەدەن.

یەکێک لە کاربەران لە تویتێکدا لە وڵامی زەریف نووسیویەتی: "هەموو کەس دەزانێت کە ڕێژیمی ئێران تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتێری لە ئێراندا فیلتر کردووە، هەروەها نووسیویەتی: ئەو تویتەی زەریف هاوشێوەی ئەو مەتەڵە فارسییەیە کە دەڵێت: "مرا زد و گریە کرد، و دوید از من شکایت کرد"، ئەو کاربەرە لە کۆتاییی تویتەکەیدا دەڵێت: "ئەم جیهانە جێگای درۆ و دووڕوویی ئێوە نییە".

لە چەند حەوتووی ڕابردوودا تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەناوبانگەکان دەستیان داوەتە داخستنی هەندێک حەسێبی گوماناوی سەر بە ڕێژیمی ئێران، کە دەستیان لە نانەوەی ئاژاوە و کاری نایاسایی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەکوو: ئامریکای لاتین، بریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریتکادا هەبووە.

لەو پێوەندییەدا تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیوب ٣٩ حەسێب، گووگڵ ٦ بلاگ و ١٣ حەسێب، فەیسبووک ٥٦٢ لاپەڕە و تویتێریش هەتا ئێستا ٧٧٠ حەسێبیان داخستووە.