
ڕەزا پەهلەوی کوڕی دوایین شای ئێران، لە تویتێکدا بە شانازییەوە باس لە تاوانەکانی باوکی دژ بە نەتەوەی ئازەری و حكوومهتی ئازەربایجان لە ساڵی ١٣٢٥ی هەتاویدا دەکات. لەو ساڵەدا ئەرتشی پەهلەوی بە فەرمانی محەمەدڕەزا شا هێرشی کردە سەر حكوومهتی ئازەربایجان و دەوڵەتی "جەعفەر پیشەوەریـ"ـی هەڵوەشاندەوە و خەڵکی ئازەریی قەتڵوعام کرد.
ناوبراو لە تویتێکدا نووسیویەتی: "٢١ی سەرماوەز وەبیرهێنەرەوەی یەکگرتوویی نەتەوەیی ئێرانییەکانە، ئەو نەتەوەیەی کە سەلماندی دووبەرەکی قەبووڵ ناکات. لەو ڕۆژەدا خەڵکی ئازەربایجان هاوشان لەگەڵ ئەرتش، هەستانەوە و پارچەی لەشی ئێرانیان لە چنگی دوژمنەکانی ڕزگار کرد. ئێرانییەکان لە ٢١ی سەرماوەزدا نیشانیان دا کە بستێک لە خاکی ئێران جیا ناکرێتەوە".
ئەم تویتەی "ڕەزا پەهلەوی" لە حاڵێکدایە کە ڕێکەوتی ٢١ی سەرماوەزی ١٣٢٥ی هەتاوی، ئەرتشی پەهلەوی بە دڕندانەترین شێواز هێرشی کردە سەر ئازەربایجان و خەڵکی ئازەرییان قەتڵوعام کرد. ئەو کات ئازەرییەکان بە ڕێبەریی "جەعفەر پیشەوەری" بڕیاریان دابوو کە پارێزگاری لە شوناسی خۆیان بکەن و لەسەر خاکی خۆیان خاوەن دەسەڵات بن و چیدی نەچنە ژێر باری زوڵم و زۆری حکوومەتی ناوەندی.
ڕەزا پەهلەوی بەم تویتەی دووبارە سەلماندیەوە ئەوان هەمیشە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان بە "جیاییخوازی" دەزانن؛ هەروەها فاشیزمی ئێرانی بە تەواوی دژی مافی نەتەوە ژێردەستەکانی ئێرانە و بۆ پارێزگاری لە نەتەوەی دەستکرد و بهو ناسنامه شۆڤێنیستییهی ئێرانی، هەموو تاوانێک بە ڕەوا دەزانن.