کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەوتی ڕێکەوتنی "بەرجام" بە یەکجاری بەرەو هەڵوەشانەوە دەڕوات

18:28 - 12 جۆزەردان 2722

ڕۆژێک دوای بڵاوبوونەوەی بەڵگەی نەهێنیی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لەلایەن سەرۆکوەزیرانی "ئیسرائیل" و هاوکات بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕێکخستنی پێشنووسی "بڕیارنامەی ئامریکا و سێ وڵاتی ئورووپایی" لە شورای حوکام، میدیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران باسیان لەوە کردووە کە بۆ هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی پێویستە پێداچوونەوە بە بڕیارەکاندا بکرێتەوە.

ڕۆژنامەی "کەیهانـ"ـی سەر بە ڕێژیم لە ژمارەی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی جۆزەرداندا نووسیویەتی: "وشیاریی دەزگای دیپلۆماسیی ئێران داوێکە بۆ ڕۆژاواییەکان"، هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ڕەوتی هاوکارییەکانی ئێران و ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی زەق بکرێنەوە.

ئەو ڕۆژنامەیە کە لەژێر چاوەدێریی ڕێبەری ڕێژیمی ئێراندا بەڕێوە دەچێت، بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتی نوێی "ڕافائێل گەرووسی" بەڕێوەبەری گشتیی ئەو ئاژانسە کە ڕادەستی شورای حوکامی دەکات و لەوێ بڕیاری لەسەر دەدرێت، بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو ڕاپۆرتە ساختەیە و داوای کردووە کە پێداچوونەوە بەو ڕاپۆرتەدا بکەرێتەوە.

"ڕافائێل گەرووسی" لەو ڕاپۆرتەدا کە ١٠ی جۆزەردان بڵاو بووەتەوە، وتوویەتی: "پاشەکەوتی ئورانیۆمی پیتێندراوی ئێران پتر لە ١٨ بەرابەری ڕادەی ڕێگەپێدراوە کە ڕێکەوتنی لەسەر کرابوو".

هاوکات سێ وڵاتی ئورووپایی و ئامریکا لە شورای حوکام، پێشنووسێکیان بە دژی ڕێکەوتنی بەرجام ئامادە کردووە.