کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژاپۆن پارەی ئێران ناداتەوە

16:52 - 9 رەزبەر 2721

ڕێژیمی ئێران بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکا ناتوانێت لە فرۆشتنی نەوت بە هەر وڵاتێک پارەکەی وەرگرێت و لە بانکەکاندا بلۆکە دەکرێت.

''بەهرام شەکووری" سەرۆکی کۆمیتەی هاوبەشی بازرگانیی ئێران و ژاپۆن وتوویەتی؛ بەهۆی ئەوەیکە ژاپۆن ٣ میلیارد دۆلار پارەی ئێمەی لای خۆی ڕاگرتووە ئێمە نابێت بە هیچ شێوەیەک تەنانەت نافەرمی نەوت بۆ ئەو وڵاتە هەناردە بکەین.

ئاڵووێری بازرگانی لە نێوان ئێران و ژاپۆن نە تەنیا بەرز نەبووەتەوە بەڵکوو زۆر دابەزیوە.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی؛ هاوردەی ئێمە لە ژاپۆن زیاتر کەرەستە و ماشین بووە. ئەو ڕێژە ئاڵووێرە بازرگانییەش کە لەگەڵ ژاپۆن هەیە لە ڕێگای وڵاتی سێهەمەوە ئەنجام دەدرێت.

ڕێژیمی ئێران چەندین مانگە لە هەوڵ دایە پارە بلۆکەکراوەکانی خۆی لە وڵاتانی ڕۆژاوایی و ئاسیایی ئازاد بکات بەڵام بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکان ناتوانێت.

بەشێک لەو پارەیەی کە ئازاد کراوە بۆ کڕینی واکسەنی کۆرۆنا و قەرزەکانی بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تەرخان کراوە.

کۆرەی باشوور یەکێک لەو وڵاتانەیە کە پارەی ئێرانی بلۆک کردووە و بەهۆی گەمارۆکان نایداتەوە.

لەو پێوەندییەدا  "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە بەرانبەر ئیقدامی کۆرەی باشوور بڕیاری داوە نابێ هیچ کەرستەیەکی نێوماڵ لەو وڵاتە هاوردە بکرێ.

پارەی ئێران لە بەشێک لە وڵاتانی وەک ژاپۆن، عێراق، چین و کۆرەی باشوور ڕاگیراوە.