کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەیەك لە رێكخراوەكانی ژنان بە بۆنەی ٢٥‌ی نوامبرەوە بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە

12:47 - 5 سەرماوەز 2712

كوردستان میدیا: بە بۆنەی ٢٥‌ی نوامبر رۆژی جیهانی خەبات بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، كۆمەڵێك لە رێكخراوەكانی ژنانی كوردستانی ئێران بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە.

نوسخەیەك لەو بەیاننامەیە بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا گەیشتووە.

دەقی بەیاننامەكە بەم چەشنەیە:
توندوتیژی دژی ژنان دیاردەیەكی جیهانییە كە بە شێوە و شێوازی جۆراوجۆر لە هەموو كۆمەڵگەكان بوونی هەیە و وەك مۆتەكەیەك سێبەری خستۆتە سەر ژیانی زۆربەی ژنانی جیهان. بەكارهێنانی توندوتیژی دژی ژنان و ئاكامەكانی وەك مەسەلەیەكی جیهانی، چ لە نێو چوارچێوەی خێزان و چ لە هەموو بەشەكانی دیكەی ژیانی ئەوان، برینێكی كۆنە كە ناخ و هەست و دەروونی ژن و تەنانەت ئاسایشی تێكدەدا و ئەمەش دەبێتە بەربەستێك لە سەر رێگای هەموو كار و چالاكیە كۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگیەكانی ژن. لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی بە تایبەت ئەو وڵاتانەی كە یاساكانیان لە چوارچێوەی یاسا و رێسا نێونەتەوەییەكانی مافی مرۆڤ دانەڕێژراوە، زیاترین توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان دەكرێت و دەسەڵات و یاساش دەبێتە بەشێك لەو كلتور و فەرهەنگە دژە ژنە و ئەمەش وایكردووە كە توندوتیژی شوڕ بێتەوە نێو هەموو بوارەكانی ژیانی ژنان. لە ئەگەری روودانی هەر شەڕ و كێشەیەك یان هاتنە ئارای قەیرانی ئابووری و بە گشتی هەر گۆرانكارییەك لە ئاستی جیهاندا، ئەوە یەكەم قوربانیانی ژنانە. هەنووكە بە هۆی قەیرانی ئابووری كە جیهانی گرتۆتەوە، رێژەیەكی بەرچاو لە ژنانی جیهان لە بارودۆخێكی نالەباردا بە سەردەبەن و گوشارێكی لە رادەبەدەریان لە سەرە و بازرگانیان پێوە دەكەن.

بە هۆی بوونی كۆماری ئیسلامی لە ئێران، یاسا و دەسەڵات بە تووندی دژی ژنانە و بە واتایەكی دیكە توندوتیژی بەشێكی جیانەكراوە لە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامییە كە نەتەنیا دژی ژنان بەڵكوو دژی هەموو تاكەكانی كۆمەڵ بە كار دەبرێت. هەڵاواردنی رەگەزی، سیاسەتی جیاكاری لە نێو زانكۆ و قوتابخانەكان، نەبوونی یاسای پشتگیری لە ژنان، نایەكسانی لە نێوان ژن و پیاو لەهەموو بوارەكانی ژیان، قەتلی نامووسی، قاچاخی ژنان و كچان، فرەژنی و دەیان مەسەلەی دیكە لە ئێران، هەموو مافە مرۆییەكانی ژنانی پێشێل كردووە و ئەوانی كردۆتە توێژێكی بێ دەسەڵات و بێ دەرەتان. هۆكاری سەرەكیی توندوتیژی دژی ژنان، هەمان ئەو هەڵاواردنانەیە كە نایەكسانی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگە پەرە پێدەدات و ژن دەكاتە بوونەوەرێكی پلە نزم و بێدەسەڵات.

توندوتیژی و ئاسەوارەكانی كاریگەری لە سەر ناخ و دەروون و كەسایەتی ژن دادەنێت و دەبێتە كۆسپێك لە سەر رێگای بۆ بەرەوپێشچوون و هەنگاونان بەرەو داهاتوو. كۆمەڵگای ئەمڕۆی مرۆڤایەتی پێویستی بە هێز و توانای هەموو تاكەكان و بەتایبەتی ژنان هەیە تا كۆمەڵگەیەكی یەكسان و بە دوور لە هەر چەشنە جیاوازی و توندوتیژییەك دابمەرزێنێت. بۆیە ناكرێت لە كاتێكدا كە ژنان هێشتا بەرەوڕووی توندوتیژی و سوكایەتی و هەڕەشە دەبنەوە، چاوەڕوانی ئەوەیان لێبكرێت چالاكانە لە هەموو بوارە كۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی و كلتوری بەشدار بن، بۆ بەشداری هەرچی زیاتری ژنان و بۆ بنیات نانی كۆمەڵگەیەكی یەكسان و هەروەها بۆ پەرەوەردە كردنی نەوەیەكی پێشكەوتوو، پێش هەر شتێك پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ كەم كردنەوەو سڕینەوەی توندوتیژی لە هەمووكۆمەڵگاكان. ئەمەش لە هەر كۆمەڵگەیەك پێویستی بە یاسایەكی دادوەرانە و پەروەردەیەكی ئەمڕۆیی و سەنتەری داڵدەدانی ئەو ژنانە هەیە كە بەرەورووی توندوتیژی دەبنەوەو لە هەمان كاتدا وشیار كردنەوە و دانی زانیاری بە هەموو چین وتوێژەكان و لە هەموو گرنگتر دەور و رۆڵی میدیا و راگەیاندنەكانە لەم بوارەدا.
بە هۆی ئەوەی لە ئێران، هیچ یاسا و رێسا و ناوەندێك بۆ پشتگیری لە ژنان نییە و لە هەمانكاتدا میدیا لە خزمەت بەرژەوەندیەكانی دەسەڵاتدارانی رژیمی دژە ژنی ئێرانە، بە شێوەی پراكتیك لەمبارەوە كارێكی چروپڕ بەرێوە ناچێت. هەر لێرەوە روودەكەینە هەموو میدیا و راگەیاندنی كوردی و داوایان لێدەكەین هەستن بە جێبەجێكردنی ئەم ئەركە و هەوڵبدەن بە دەرخستنی لایەنە نێگەتیڤ و ناحەزەكانی توندوتیژی دژی ژنان و وشیاری و زانیاری بڵاو بكەنەوەو رۆڵی گرنگی خۆیان لە بزوتنەوەی یەكسانیخوازی ژناندا بگێڕن و پرسی ژن و كێشەكانی نیوەی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە ریزی یەكەمی ئاجێندای كاری خۆیان دابنن. لە هەمانكاتدا هاوكاری و لێك نزیكبوونەوەی رێكخراوەكانی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان و بوونی پلاتفۆرم و بەرنامەی هاوبەش بۆ چارەسەری پرسی ژنی كورد بە گرنگ دەزانین و یەكدەنگی و یەكگرتوویی ریزەكانی ژنان، هەنگاوێكی گرنگە بۆ سەر خستنی پرۆسەی یەكسانیخوازی.

ژنانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان

یەكیەتیی ژنانی دێمۆكراتی كوردستان

كۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات

یەكیەتیی ژنانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران

كۆمیتەی ئافرەتانی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران

ژنانی یەكیەتیی دێمۆكراتیكی كوردستان