کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتە ٧٥ هەزار کەس

18:31 - 26 خاکەلێوه 2720

بەپێی ئاماری فەرمیی ڕێژیمی ئێران، هەتا ئێستا ٧٤ هەزار و ٨٧٧ کەس لە ئێران تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە و ٤ هەزار و ٦٨٣ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

''کیانووش جەهانپوور''، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خاکەلێوە، سەبارەت بە نوێترین ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، هەزار و ٥٧٤ کەسی دیکە تووشی ئەم نەخۆشییە بوونە و کۆی گشتیی تووشبووان گەیشتووەتە ٧٤ هەزار ٨٧٧ کەس.

ناوبراو هەروەها ڕاگەیاند، ٩٨ کەسی دیکە بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانیان لەدەست داوە و کۆی گشتیی قوربانییانی ئەم نەخۆشییە لە ئێران گەیشتووەتە ٤ هەزار و ٦٨٣ کەس.

بە وتەی ''جەهانپوور''، هەتا ئێستا ٤٨ هەزار و ١٢٩ کەس لە تووشبووان بەم نەخۆشییە چارەسەر کراون.

لە حاڵێکدا هەر ڕۆژە ڕێژەی قوربانییان و تووشبووان بەم نەخۆشییە بەرز دەبێتەوە، ڕێژیمی ئێران ڕێگەی داوە کار و پیشەکان و هەروەها ئیدارەکان کە پێشتر بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە چالاکییەکانیان ڕاگرتبوو، دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.