کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتە ٧٦ هەزار کەس

17:43 - 27 خاکەلێوه 2720

بەپێی ئاماری فەرمیی ڕێژیمی ئێران، هەتا ئێستا ٧٦ هەزار و ٣٨٩ کەس لە ئێران تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە و ٤ هەزار و ٧٧٧ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

''کیانووش جەهانپوور''، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوە، بەنیسبەت نوێترین ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕایگەیاند هەتا ئێستا ٤ هەزار و ٧٧٧ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

ناوبراو ڕاگەیاند، ٩٤ کەسی دیکە بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانیان لەدەست داوە و کۆی گشتیی قوربانییانی ئەم نەخۆشییە لە ئێران گەیشتووەتە ٤ هەزار و ٧٧٧ کەس.

ناوەندی لێکۆڵێنەوەکانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتە بەپێی بەراوردەکان ئاماری قوربانییانی کۆرۆنا دوو قات لەو ڕێژەیەی کە وەزارەتی تەندروستی ڕاگەیەندراوە زیاترە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ناوەندەی لێکۆڵینەوەی ڕێژیم؛ ئاماری قوربانییانی کۆرۆنا ٨ هەزار و ٦٠٩ کەسە و تووشبووان بە کۆرۆناش ٦٠٠ هەتا ٧٥٠ هەزار کەسە.

لە حاڵێکدا هەر ڕۆژە ڕێژەی قوربانییان و تووشبووان بەم نەخۆشییە بەرز دەبێتەوە، ڕێژیمی ئێران ڕێگەی داوە کار و پیشەکان و هەروەها ئیدارەکان کە پێشتر بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە چالاکییەکانیان ڕاگرتبوو، دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.