به‌بۆنه‌ی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٥ـەمین ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ژنانی دێموکرات له بانه، په‌یامێکیان بۆ حیزبی دێموکرات ناردووە و وێڕای نوێکردنه‌وه‌ی په‌یمانی وه‌فاداری و پیرۆزبایی جێژنی ٢٥ی گه‌لاوێژ، ئاماده‌یی خۆیان بۆ جێبه‌جێکردنی بڕیاراتی حیزبی دووپات کردەوه.
ده‌قی په‌یامه‌که بەم چەشنەیە:
ئێمه کۆمه‌ڵێک له ژنانی ئه‌ندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له بانه‌ی سه‌ربه‌رزه‌وه بەبۆنەی ٧٥ــه‌مین ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پیرۆزبایی له هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان و ڕێبوارانی ڕێبازی دێموکرات دەکەین.
له ٧٥ ساڵ خه‌باتی بێوچانی حیزبه‌که‌مان ژنانی کورد هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ڕۆڵێکی گه‌وره‌یان گێڕاوه، چ وه‌ک پێشمه‌رگه، چ وه‌ک که‌سوکاری پێشمه‌رگه و هه‌ر له‌م پێناوه‌شدا ده‌یان ژن له ڕیزه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شه‌هید و گیانی خۆیان به‌ختی ئامانجه‌کانی حیزب و ئازادیی نیشتمان کردووه.
ئێمه ژنانی دێموکرات له بانه وه‌ک ئه‌ندامانی نهێنیی حیزب، وێڕای پیرۆزبایی دووباره، په‌یمانی وه‌فاداری له‌گه‌ڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نوێ ده‌که‌ینه‌وه و ڕایده‌گه‌یه‌نین وه‌ک هه‌میشه ئاماده‌ی جێبه‌جێکردنی بڕیاراتی حیزبهکهمانین و شان به شانی پیاوانی کۆمه‌ڵگا، درێژه به خه‌بات ده‌ده‌ین.
بژی حیزبی دێموکرات، نیشانده‌ری ڕێی خه‌بات
بڕووخێت ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران
ژنانی دێموکرات له شاری بانه
گه‌لاوێژی ١٣٩٩