کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنانی رۆژهەڵات هێرشی پەکەکەیان بۆسەر حدکا مەحکووم کرد

21:50 - 5 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: رێکخراوەکانی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات لە راگەیەنراوێکدا هاودەردیی خۆیان لەگەڵ حیزبی دێموکرات لەمەڕ هێرشی پ‌ک‌ک بۆ سەر پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە دەربڕی.

دەقی راگەیەنراوەکە بەم چەشنەیە:

راگەیاندنی ناوەندی رێکخراوەکانی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی نێوان حدکا و پ ک کە رۆژی ٣ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، ئاڵۆزی و کێشە لە نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پ ک کەلە ناوچە سنوورییەکان هاتە ئاراوە کە بە داخەوە پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات شەهید بوو چەند پێشمەرگەیەکیش بریندار بوون.

ئەم رووداوە جارێکی‌تر برینی قووڵی شەڕی کورد لەگەڵ کوردی کولاندەوە و هەموو تاکێکی کوردی خەمبار کرد. بێگومان لێکۆڵینەوە لەم رووداوە و دۆزینەوەی هۆکارەکانی و رێگەنەدان بە دووپات بوونەوەی ئەرکێکی مرۆیی و نەتەوەیی‌یە، بەڵام ئەوەی لێرەدا بۆ ئێمە ژنان گرنگە، هێور کردنەوەی بارودۆخەکە و دوور کەوتنەوە لەشەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان دوو هێزی کوردییە. گەلی کورد لەم کاتە کە ناوچەکە لە ژێر هێرشی هێزێکی دڕندە وەک داعشە و ئاڵوگۆرەکان بە خێرایی تێدەپەڕێت و لە کاتێکدا کۆبانێ توانیی حەماسە و خۆڕاگری و بەرخۆدان بخۆڵقێنێ و هەموو کورد هاودەنگ و هاوڕا بکات و سەرنجی هەموو جیهان بۆ لای پرسی کورد رابکێشێت، کەشی ئەمنیەتی زاڵ بەسەر رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژ لەگەڵ رۆژ توندتر دەبێ و دەرەتانی هیچ شێوە دەربڕینێکی ئاشتیخوازانە نییە و خەڵکی وەزاڵە هاتووی تینووی ئازادی چاوەڕوانی ترووسکایی‌یەکن، دوو هێزی کوردی ‌لە بەرانبەر یەک بوەستنەوە و دڵی دوژمنانی پێ شاد بکەن. کوردستان موڵکی تایبەتیی لایەنێک و کەسێک نییە، بەڵکوو موڵکی هەموومانە و دەبێ بە تەبایی و یەکڕیزی بۆ سەرخستنی بزووتنەوەی کورد هەوڵ بدەین.

مێژووی گەلی کورد لە هەمان کات کە پڕە لە سەروەری و تێکۆشان لە بەرانبەر داگیرکەران و هارترین رێژیمەکانی سەردەم، هاوکاتیش شاهیدی شەڕی ناوخۆیی و هێزە سیاسییەکانی لە گەڵ یەک بووە کە ئەمە خەسارێکی قەرەبوونەکراوە لە جەستەی بزاڤی گەلی کورد بووە، ئەمڕۆ حەق وایە بە دەرس وەرگرتن لە مێژوو، رێگە نەدەین شەڕی کورد لە دژی کورد سەرهەڵ بداتەوە و رۆڵە قارەمانەکانمان بە دەستی یەکتر شەهید بکرێن. ئێمە وەک ناوەندی رێکخراوەکانی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردییەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان و بە تایبەت رۆژهەڵات دەکەین هەتا هەموو هەوڵەکانی خۆیان وەگەڕ بخەن بۆ پاراستنی یەکدەنگی و یەکڕیزی بزاڤی گەلی کورد و رێگە نەدەن شەڕ لە نێوان هێزە کوردییەکان روو بدات. ئەمە تەنیا بە زەرەری گەلی کورد و بە قازانجی نەیاران و دوژمنانمانە. ئێمە ژنان ئاشتی و تەبایی و یەکدەنگی و یەکڕیزیمان دەوێت بۆ گەلەکەمان.

نا بۆ شەڕی کورد دژی کورد
بژی یەکڕیزی و یەکدەنگیی گەلی کورد
ناوەندی رێکخراوەکانی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات
٤ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاویی
٢٥ی مەی ٢٠١٥ی زایینی