کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنان لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا ڕۆڵی کاریگەر دەگێڕن

10:55 - 28 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ژنان لە خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەی ئێراندا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە. تاکوو ئێستا بەپێی ئامارەکان تەنیا لە کوردستاندا دوو ژن بەهۆی توندوتیژییەکانی ڕێژیم بەرانبەر بە خۆپیشاندەران، شەهید کراون.

لە دەستپێکی سەرهەڵدانە جەماوەرییەکەی خەڵکی ئێران و کوردستان لەهەمبەر دۆخی نالەباری ئابووری و هەروەها سەهمییەبەندی و گرانبوونی ٣ بەرابەریی بێنزین، ژنان وەکوو توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە، لە بەرابەر ئەم ستەمەدا وەستانەوە.

ئامارە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە "شلێر دادوەند"، خەڵکی گوندی "میراوێـ"ـی بۆکان یەکەم ژنی شەهید لە خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەی کوردستاندا بووە.

"مینا شێخی" تەمەن ٥٠ ساڵ، خەڵکی شاری سەقز، یەکێکی دیکە لە شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەی ئێرانە کە لە شاری تاران و لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە گیانی لەدەست داوە.

گرتە ڤیدیۆ و هەروەها وێنە بڵاوکراوەکان لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان نیشان دەدەن کە ژنانیش هاوهەنگاو لەگەڵ پیاوان لەم ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانەدا ڕۆڵیان گێڕاوە و لە زۆر شوێنیشدا، ڕۆڵی لیدریی ناڕەزایەتییەکانیان لە ئەستۆ گرتووە.

ژنانی کوردستان بە باشی دەرکیان بە ستەمی چەند بەرابەریی ڕێژیمی ئاخوندی بەرانبەر بە خۆیان کردووە و بە ڕاپەڕین و بەشداریی بەرچاو لە بزووتنەوە جەماوەرییەکاندا، دەیانەوێت ڕۆڵی کارای خۆیان بگێڕن.