ئاگرتێبەردانی دارستان و لێڕەوارەکانی کورستان بەردەوامە و ئەمجارە کێوەکانی یەکێک لە گوندەکانی دەورووبەری سنە کەوتە بەر ڕق و قینی دوژمنانی ژینگە و لە ئاگردا سووتا.
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەڕ، کێوی "خەیارە" لە نزیکیی کەلی "سەڵوەتاوا"ی سنە ئاگری تێبەردرا و چەندین هێکتار لە لێڕەوار و ژینگەی ئەو گوندە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.
ئاگرکەوتنەوەکەی کێوی "خەیارە" لەلایەن ژینگەپارێزان و خەڵکی ناوچەکەوە دوای هەوڵ و ماندووبونێکی زۆر کۆنترۆڵ کرا.
لە کوردستاندا لەماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا بەسەدان هێکتار لە ژینگە و لێڕەوارەکان ئاگریان تێبەردراوە و کارەساتێکی زۆری ژینگەیی خولقاندووە.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دارستان و لەوڕەگەکانی ''بۆزین و مەرەخێڵ'' لە پاوە زیاتر لە یەک حەوتوودا لە نێو ئاگردا سووتا و مەترسیی ئاگرکەوتنەوەی بۆ ناوچەکانی دیکەش دروست کردبوو.
سەرەڕای ئەویکە خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێز لە هەوڵی کۆنترۆڵی ئەو ئاگره دابوونە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئیمکاناتی پێویست بەشێکی زۆری ئەو ناوچەیە لە ئاگردا سووتا.