کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژینگەی کوردستان و ئەرکەکان

11:41 - 7 پووشپەڕ 2720

سەلاح کۆنەپۆشی

ژینگە  (Ecology):

ئەو زانستەیە کە لە سەرجەم پێکهاتەکانی ژینگە دەکۆڵێتەوە و دیاریکردنی کار و چالاکییەکانی مرۆڤی تێدا دەستنیشان دەکرێت.

زانستی ژینگە یاخود ژینگەزانی یان ژینگەناسی زانستێکی تازەیە، ئەمڕۆ تا ڕادەیەک خەریکە ئەم زاراوەیە بەناو کۆمەڵانی خەڵکدا بڵاو دەبێتەوە، جێی خۆیەتی بزانین ئەم چەمکە لە چییەوە هاتووە و کەی پەیدا بووە. زاراوەی زانستی ژینگە (Ecology) زانای ئاڵمانی "ئه‌رنست هایکل" (Ernst Haeckel) لە ساڵی‌ ١٨٦٦ی زایینی دایناوە، کە ئەمەیش لە ئەنجامی لێکدانی دوو وشەی یۆنانییەوە پەیدا بووە، ئەوانیش “Oikos” بە واتای "خانوو" یان "ماڵ" و “logos” بە واتای "زانستـ"ـە.

ئەم زاراوەیە ئیتر لە سەدەی بیست بەدواوە بووە جێگەی بایەخپێدانی گرینگی لیکۆڵەران، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو هەموو جەنگ و شەڕوشۆڕەی کە جۆرەها چەک و تەقەمەنیی تێدا بەکار هات و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان لەسەر ڕووی زەوی و زۆربوونی کارگەکان و دەرهێنانی وزەی زیاد لە پێویست بەتایبەتی لەلایەن وڵاتە پیشەسازییەکان و زۆربوونی ئۆتۆمبێل و… هتد، کە زیانێکی گەورەی ژینگەیی هێنایە ئاراوە لە قەتیسبوونی گەرما و تۆز و خۆل و دەیان کارەساتی سروشتی کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی زۆر خراپیان کردە سەر ژینگە و هاوسەنگیی ژینگەیان تێک دا.

زانستەکانی ژینگە  (Environment Sciences):

بریتییە لە هەموو ئەو زانستانەی کە پەیوەندیدارە بە ژینگەوە، وەک زانستی زەویناسی، کەشناسی، زیندەوەرزانی، فیزیا، کیمیا، بایۆلۆژی، خاک، ئابووری، دارستان، ئاو و دەریا و… هتد.

ژینگە لە چەند پێکهاتە و ڕێژەی دیاریکراوی "فیزیا، کیمیا و بایۆلۆژی" دروست بوو ، بۆیە هەر زیادبوونێک یان کەمبوونێک لەم پێکهاتانە لە جۆری یان ڕێژەکەی کاریگەریی خراپ و مەترسیدار لەسەر زیندەوەران دادەنێت و بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیش دەبێتە هۆکاری پیسبوونی ژینگە.

سێ هۆکاری سەرەکی و بنەڕەتیی پیسبوونی ژینگە کە هەر کامیان بریتین لە کۆمەڵێک شت دەبنە هۆی وێرانبوونی ژینگە و نەمانی زیندەوەران :

- هۆکاری فیزیایی کە بریتین لە: "گەرمی، تیشک و ڕووناکی".

- هۆکاری کیمیایی: "ئەندامی و نائەندامی، پەینەکان، توخمە قورسەکان و قڕکەرەکان".

- هۆکاری بایۆلۆژی: "ڤایرۆس، باکتریا، کەڕوو و مەشەخۆرەکانە".

هەر کام لەم سێ هۆکارە بنەڕەتییە پێویستە شی بکرێنەوە و بە شێوەیەکی باش لەسەریان بووەستی و زانیارییان لەبارەیەوە بڵاو بکرێتەوە.

پیسبوونی ژینگە جگە لەوەی ڕووخسارێکی ناحەز دەبەخشێت بە دنیا و دەبێتە هۆکاری نەمانی ئاژەڵان و پەلەوەران و خشۆکەکان و بەگشتی زیندەوەران، دەرئەنجامی خراپی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیشی دەبێت لەسەر مرۆڤەکانیش کە دەرئەنجامە ڕاستەوخۆکانی بریتین لە تێکچوونی باری تەندروستی و بڵاوبوونەوەی جۆرەها نەخۆشی و هەروەها دەرئەنجامە ناڕاستەوخۆکانی بۆ نموونە لایەنی کشتوکاڵە کە بەرهەمی خۆراک دابینکردنی مرۆڤە.

نەمانی گەشت و گوزار و زەربەدان لە  بواری پیشەسازی و تێکدانی ئابووری و کەمبوونەوەی حەقدەستی کرێکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس و باکتریا و بەگشتی نەخۆشی بەهۆی تێکچوونی باری ژینگەوەیە.

 ژینگە کە پیس بوو ئیدی دەبێ بودجەیەکی زۆری بۆ تەرخان بکرێت و خودی تەرخانکردنی ئەو بودجەیەیش زەربەدانە لە ئابووریی وڵات.

هەر لەم سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنایەدا بینیمان چۆن مرۆڤەکان دەمردن و دەوڵەتەکان تووشی شکست بوون و هاتن، هەموو ئەو ژان و ئازار و مەرگەسات و قەرەنتینەبوونەیش کە بەهۆی کرۆناوە ڕوویدا بەرهەمی گوێنەدانی مرۆڤەکان بوو بە گۆی زەوی و ژینگە.

"سایکۆلۆژییەتی ژینگە" بریتییە لە گۆڕینی ڕەفتار و کرداری مرۆڤ، به جۆرێک کەوا بتوانێت ژینگە لە پیسبوون و تێکدان و لەنێوبردن بپارێزێت.

ئەمەیش لە ڕێگای هۆشیارکردنەوە و پەروەردە و بڵاوکردنەوەی زانیاری و هاندان و کارکردن بە یاسایەک بە ناوی "سزا و پاداش" واتە ئەوەی خزمەتی ژینگەی کرد پاداشت بکرێت و ئەوەیش وا هەوڵی تێکدانی دا سزا بدرێت.

سزادان بەو مانایە نە کە حوکمی زیندانی ئەبەدی بەسەر تاوانباردا بسەپێت بەڵکوو بە جۆرێک ئەو کەسە ناچار بکرێت لەهەمبەر ئەو زەربەیەی داویە لە ژینگە چوار بەرابەر قەرەبووی بکاتەوە و خزمەتی ژینگە بکات.

بە کورتی ئێمەی کورد کە نەتەوەیەکی وڵات داگیرکراو و بێ دەوڵەتین دەبێ ئەو ڕاستییە بزانین کە داگیرکەرانی کوردستان بەتەنیا هەوڵی کوشتنی هزر و بیر و زمان و جەستەی مرۆڤی کوردیان نەداوە بەڵکوو هاوکات جەلادئاسا بۆ فەوتانی ژینگەی کوردستان و نغرۆکردنی سروشتی جوانمان ژەهری خۆیان ڕشتووە و کێردی تیژیان ڕاوەشاندووە.

لەم سۆنگەیەوە پێویستە لە بەرانبەر سیاسەت و پیلان و خوتەکانی ئەوان بۆ کوشتنی ژینگەمان، ئێمە سیاسەتی خزمەتگوزاری بگرینە بەر و وەک ئەرکێکی ئەخلاقی لە بیری سروشتی کوردستاندا بین.

چاندنی دار و گوڵ لە باخ، ماڵ، باخچە و هەرد، کەمکردنەوەی مەسرەفی ئۆتۆمبیلەکانمان

(بەنزین، گازائیل و گاز)، بەفیڕۆنەدانی ئاو و کارەبا، نەشکاندن و نەبڕینی درەختەکان، فڕێ نەدانی زبڵ، هاڕە هاڕە نەکردن بە ماتۆڕ و مەکینە، خاوێن ڕاگرتنی شوێنە گەشت و گوزارییەکان، ڕاگەیشتن بە دەریاچەکان، ڕێگری لە ئاگرکەوتنەوە و... هتد، بکەینە کولتوورێکی هەمیشەیی لەمەڕ ئاوەدانکردنەوەی ژینگە و سروشتی نیشتمانماندا.

"ئەرنست هیکڵ" لە ساڵی ١٨٦٦دا باسی لە گرینگیی ژینگە کردووە، بەڵام لە سەدەی بیستەم و سەرەتای ساڵی شەستەکان کاتێک بە باشی هەست بەوە کرا گرفتەکانی ژینگە و پیسبوونی ڕوو لە زیاد بوونە، بیرۆکەی سایکۆلۆژییەتی ژینگە ژیایەوە و دواجار لە ساڵی ١٩٧٠ کۆمەڵێک زانا کەوتنە چالاکی دەربارەی ژینگە و ناوی زانایانی سایکۆلۆژییەتی ژینگەیان لێ نرا.

ئەوان لە پێش هەموو شتێکدا گرینگییان بە ڕەفتاری مرۆڤ لەسەر ژینگە و هەروەها کاری ئەوان لە پێش هەموو شتێکدا گرینگییان بە ڕەفتاری مرۆڤ لەسەر ژینگە و هەروەها کاریگەریی ژینگە لەسەر گۆڕینی ڕەفتاری مرۆڤدا وایان کرد مرۆڤ بگەیەننە ئەو قەناعەتە کە بوون و تەندروستی و ساغیی زیندەوەرەکان پەیوەسته بە بوونی ژینگەیەکی پاکژ و خاوێنەوە، هەروەها بە ئاوەدانکردنەوەی باخەکان و پارکەکان و شوێنە گشتییەکان و چاندنی گوڵ و دروستکردنی باخچەی گەورە و بچووک توانییان لە ڕێگای پیشاندانی ئەو گشتە جوانی و بۆن و بەرامەیەوە وا لە مرۆڤ بکەن کە تێبگەن بێ ژینگەیەکی تەندروست بۆشاییەک دەکەونەوە و نەخۆشی فەزاکان دەتەنێ، بۆیە دوای ئەو چالاکییانە زۆرێک لە مرۆڤەکان  ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کەوتنە خزمەتکردنی ژینگە و ڕەفتاریان بە شێوەیەکی ئەرێنی گۆڕدرا لەهەمبەر سروشت.

بێگومان ئەوەی کە ئێمەیش پێویستە چڕتر و شێلگێرتر بیکەین درێژەدان بە هەمان هزری زانایانی سایکۆلۆژیستی ژینگەییە لەمەڕ ئاوەدانکردنەوە و خاوێن ڕاگرتنی ژینگە و سروشتمان.

دەکرێت هاریکار و یارمەتیدەری ڕێکخراوە ژینگەییەکان و چالاکان بین و هەر یەکێکیشمان بە گوێرەی خۆی بەشداری لەو چالاکییانەدا بکات.

چوونکی وەک چۆن بۆ بەدەستهێنانی ئازادی خەبات و فیداکاری پێویستە، بە هەمان شێوەیش بۆ بەرهەمهێنانی فەزایەکی سەوز و ژینگەیەکی پاکژ خەباتێکی سەوز و زەحمەتێکی فرە پێویستە، بوونی دارەکان و گیا و ڕەوەک و دەوەنەکان ئەوەندە بەنرخن کە ژیانی ئادەمیزادیان پێوە گرێ دراوە، لە هەبوونی ئەواندایە کە مرۆڤ دەتوانێت ئۆکسیژن هەڵبکێشێتە ناو سییەکانی و درێژە بە ژیان بدات، ئێمەی بەشەر لە باتی هەر هەناسەیەک کە هەڵیدەکێشین دەبێ خۆمان بە قەرزداری ژینگە بزانین، دەبێ وەبیری داربڕ و ژینگەکوژەکان بهێنینەوە کە بێ بوونی دار و درەختەکان ژیانمان دەفەوتێت و مردنمان حەتمییە.

بە هیوای کاری فرەتر و بەردەوامی زێدەتر لە پێناو پاراستنی ژینگەیەکی خاوێن و تەندروست.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.