کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژێنێڤ؛ کۆبوونەوەیەک بۆ بەرزڕاگرتنی ٢١ی فێورییە بە بەشداریی ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو

12:33 - 3 رەشەمه 2721

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢ی ڕەشەمە، کۆبوونەوەیەک بۆ ڕێزگرتن لە "ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی" لە شاری "ژێنێڤـ"ـی وڵاتی "سویس" بەڕێوە چوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا داوا لە جیهانییان کرا، "زارا محەممەدی" کە بە تاوانی وتنەوەی زمانی دایکی بە منداڵانی نیشتمان لە بەندیخانەی ڕێژیمی ئێراندایە، ئازاد بکرێت.

هەروەها کۆمەڵێک لە ئەندام پارلمانی "ژێنێڤ و سویس" و کۆمەڵێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەشدار بوون.

پاشان "لۆرانس فیلمەن رییەل" ئەندامی پارلمانی "سویس"، "ژۆیل فیس" ئەندامی پارلمانی "ژێنێڤ" و یاریدەدەری ڕاپۆرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پرسی بیر و باوەڕ و ئایین، "کریستینا کیتسۆس" شارداری "ژنێڤ" و "مێسێ مۆن ژێ"،  سەرۆکی ڕێکخراوی UNPO لێداوانیان داوە و لە کۆی قسەکانیاندا باسی ئازادکردنی "زارا محەممەدیـ"ـشیان کرد.

هەروەتر"ئەحمەد شێربەگی" و "کانی محەممەدی" هەر یەکەو پەیامێکیان پێشکەشی بەشداربووان کرد.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا سکاڵانامەیەک دژی ڕێژیمی ئێران لە شورای نەتەوەیەکگرتووەکان تۆمار بکرێت و پاشان پێشکەشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بکەن.

لەو داواکارییەدا باسی ئەوە کراوە کە نەتەوەکانی ئێران دەبێ بە زمانی دایکیی خۆیان بخوێنن و بنووسن و "زارا محەممەدیـ"ـش ئازاد بکرێت.