کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران بەردەوام قوربانیی لێدەکەوێتەوە

17:30 - 9 بانەمەڕ 2720

وتەبیژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی سێشەممە ٩ی بانەمەڕ، ڕایگەیاند کە ٧١ کەسی دیکەی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا گیانیان لەدەست داوە و کۆی قوربانییانی ئەم نەخۆشییە گەیشتە ٥ هەزار و ٨٧٧ کەس.

''کیانووش جەهانپوور'' ڕایگەیاند کە لەو ماوەیەدا هەزار و ١١٢ کەسی دیکەی تووشبوو بەم نەخۆشییە ناسێندراون و کۆی گشتیی تووشبووان بەم نەخۆشییە گەیشتووەتە ٩٢ هەزار ٥٨٤ کەس.

ئەوە لە حاڵێکدایە، ''محەممەدڕەزا مەحبووبفەڕ''، ئەندامی کۆمیتەی پێشگیری و بەرەنگاری لەگەڵ کۆرۆنا ڕۆژی یەکشەممە وتبووی کە ڕێژەی قوربانییان و تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر زیاتر لە ئاماری فەرمیی وەزارەتی تەندروستییە.

پێشتریش ئەندامانی شورای شاری تاران ڕایانگەیاندبوو کە ئاماری تووشبووان بە کۆرۆنا زۆر زیاتر لە ئاماری فەرمییە کە وەزارەتی تەندروستی ڕایدەگەیەنێت.

هەروەها ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاندبوو کە ئاماری ڕاستەقینەی قوربانییان دوو بەرابەر و ئاماری تووشبووان لە نێوان ٨ هەتا ١٠ بەرابەر لە ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم زیاترە.