کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاربەدەستانی پێشووی ڕێژیم خۆیان دانیان بەوە داناوە کە ویستووتانە لە سەرەتای شۆڕش دوکتور قاسملوو تێرۆر بکەن

10:56 - 3 رەزبەر 2720

"سەعید حەجاریان" یەکێک لە کاربەدەستانی پێشووی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وتارێکدا بڵاوی کردووەتەوە؛ کاتێک قاسملوو لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگی هێنایەوە، خومەینی وتی: "بێتە تاران ناگەڕێتەوە".

ناوبراو لە قسەکانیدا باس لەوە دەکات لە ڕەوتی دەسەڵاتدا هەر کام لە ڕووداوەکان بە جۆرێک بێ متمانەیی لە ناو خەڵکدا دروست کردووە و ئەو بۆشاییە قەت پڕ نەبووەتە.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم ئاماژەی بەوە کردووە ئێستا بەهۆی بێ متمانەیی خەڵک بە دەسەڵات ئەوەندە بچووک بووینەتەوە کە تەنانەت دەسەڵات؛ بنیاتنەران و کاربەدەستەکانی خۆشی سەرپەرەستی ناکات.

ناوبراو باسی لەوە کردووە، خەڵک ئیتر باوەڕیان بەو دەسەڵاتە نییە و وای لێهاتووە خەڵک پێیان وایە لە ئیمارات و کوەیت کرێکاری بکەن زۆر باشترە هەتا بڵێن خەڵکی ئێرانین.

"حەجاریان" باسی لەوە کردووە درۆی کاربەدەستانی ڕێژیم هۆکاری ئەو قەیرانەیە، هەم "ئەحمەدی نژاد" و هەم "ڕووحانی" درۆیان لەگەڵ خەڵک کرد کە ئەوەش لە سەرەوە سەرچاوە دەگرێت.

دوکتور قاسملوو لە کاتی هەڵبژاردنەکان بۆ مەجلیسی خوبرەگان دەنگی یەکەمی هێنایەوە بەڵام کاتێک ویستی بڕواتە تاران ئاگادار کرایەوە کە خومەینی لە هەوڵ دایە تێرۆری بکات. ئەو کات خومەینی ڕایگەیاند "بریا بهاتبایە".

دوی ٤١ ساڵ لەو ڕووداوە ئێستا کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران دان بەو بڕیارەی خومەینی بۆ تێرۆری دوکتور قاسملوو دادەنێن.