کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر دۆخی ژیانی خەڵکدا خۆیان بە بەرپرس نازانن

12:53 - 13 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران، هۆکاری چارەڕەشی خەڵکی خستووەتە ئەستۆی میدیاکان و لە هەمبەر دۆخی ژیانی خەڵکدا خۆیان بە بەرپرس نازانن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ئیلنا، عبدولڕەزا ڕەحمانیی‌فەزڵی، وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران، لە دانیشتنی ئەنجومەنی کۆمەڵایەتی باسی لەوە کردووە، کە گرووپەکان و میدیاکان شادی و دڵخۆشیان لە خەڵک ستاندووە.

سەرەڕای ئەوەی کە هەژاریی لە ئێراندا گشتگیر بووە، ڕەحمانیی‌فەزڵی دەڵێت: کێشە ئابووری و هەژارییەکان، هۆکاری ناڕەزایەتی و دڵخۆش نەبوونی خەڵک نییە، بەڵکوو ئەوە میدیاکانن کە لەسەر مێشک و هەستی خەڵک کاریگەرییان داناوە.

سەرەڕای ئەوەی کە هیچ دڵخۆشییەک لە نێو خەڵکدا نەماوە، بە سەدان کەس لەگەڵ نەخۆشیی خەمۆکی ڕووبەڕوون و ڕۆژ نییە کە لە ئێراندا هەواڵی خۆکوژی بڵاو نەبێتەوە. 

دزی و گەندەڵییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم، بووەتە هۆی خراپبوونی دۆخی ئابووریی خەڵک، بە شێوەیەک کە لە ئێستادا خەڵک لە ئێراندا زۆر بە زەحمەت دەتوانن نانی شەویان دابین بکەن و بەشی زۆری هاووڵاتییانی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدان، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم، هەژاری بە کێشەی خەڵک نازانن و هۆکاری چارەڕەشی خەڵکیان خستووەتە ئەستۆی میدیاکانەوە.