کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاربەدەستانی ڕێژیم شەڕ و ئاژاوە دەنێنەوە

17:21 - 8 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی فاشیستی ئیسلامیی ئێران لە نێوان نەتەوەکانی ئێراندا شەڕ و دووبەرەکی دروست دەکات و کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمەش پەرە بەو سیاسەتە دەدەن.

لە دوای ئەوەیکە لاوێکی کورد لە ورمێ بەهۆی ئەوەیکە بە زمانی تورکی قسەی نەکردبوو و دەسبەسەر کرا، کاربەدەستانی ڕێژیمیش هێرشیان کردە سەر ئەو لاوە کوردە.

یەکیک لە مۆرەکانی ڕیژیم بە ناوی سەید "هادی بەهادۆری"، لە پەیامێکی تویتێریدا بڵاوی کردووەتەوە: ''دانیشتووانی شاری ورمێ دەبێ لە بەشەکانی خزمەتگوزاری، وەک: بانک، بێهداشت، فێرکاری و تەنانەت لە بازاڕ و دووکانیشدا، بە زمانی تورکیی ئازەربایجانی قسە بکەن".

هاوکات، "نادر قازی پوور"، یەکێکی دیکە لە مۆرە دەستنیشاندەکانی خامنەیی لە مەجلیسی ڕێژیمدا، هۆشداریی داوە ئەگەر بەدواداچوونی قەزایی بۆ ئەو لاوە کوردە نەکرێت، خۆم پرۆسەی قەزاییەکەی ئەنجام دەدەم.

سیاسەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەوەیە جیا لە زمانی فارسی، باقیی زمانەکانی دیکە وەک زمانێکی ناوچەیی و عەشیرەیی لەقەڵەم بدات و لە خەیاڵی خۆیاندا لە هەوڵدان "سەرزەمینی پارسی" بە خەون و خیاڵی واهی دروست بکەن.