کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارتی سووتەمەنی دیسان وەگەڕ دەخرێتەوە

11:31 - 18 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: دەوڵەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە بیانووی قاچاخی سووتەمەنی، دیسان کارتی سووتەمەنی بە شۆفێران دەدات.

بەپێی هەواڵێکی بڵاوکراو لە ڕاگەیاندنەکانی سەر بە ڕێژیم، ڕێژیمی ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە بە بیانووی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ قاچاخی سووتەمەنی سەرلەنوێ کارتی سووتەمەنی وەگەڕ بخاتەوە و بە شێوەیەکی سیستماتیک سووتەمەنی بە شۆفێران بدات.

ئەم کارتە لە دەوڵەتی پێشووتری ڕێژیم بە شۆفێران درابوو، بەڵام دوای هاتنە سەرکاری حەسەن ڕۆحانی وەک سەرکۆمار ئەم کارتانە سڕ کران.

بڕیار وایە لە ماوەی دوو هەفتەدا ٥ میلیۆن کارت لە کۆی ٢١ میلیۆن کارتی سووتەمەنی کە لە کار کەوتوون، سەرلەنوێ دروست بکرێنەوە.

ئەگەری ئەوە هەیە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ دەسپێکردنی خولی دووهەمی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر خۆی، کە کەرتی نەوت و گازی ئێران دەگرێتەوە، تووشی کەمبوونی سووتەمەنی بێت.

بۆ پێشگرتن لە کەمبوونی سووتەمەنی، قەیران و ترس لە ناڕەزایەتیی خەڵک، ڕێژیم ئەم کارتە دەخاتەوە کار و بە شێوەیەکی سیستماتیک و جیرەبەندی، سووتەمەنی لە نێوان خەڵک و شۆفێران دابەش بکات.

دۆخی ئابووریی ڕێژیمی ئیسلامی لە دوای دەسپێکردنەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا و ناڕەزایەتییە بەرینەکانی خەڵک لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتربوون دەڕوات، بە شێوەیەک کە لە ئێستادا گوزەرانی خەڵک لە دۆخێکی دژواردایە و خەڵک بۆ بەدەستهێنانی پێداویستییە سەرەکی و سەرەتایییەکانیان لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو بوونەتەوە.