کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارخانەکانی ئاشی خیز لە شنۆ مەزراکانی خەڵک داگیر دەکەن

10:48 - 8 خەزەڵوەر 2720

کارخانەکانی ئاشی خیز لە شنۆ کە لە سەر ڕووباری گادەر دامەزراون و بێ هیچ ستاندارێک کاری وەبەرهێنانی خیز دەکەن؛ لە هەمانکاتدا زەوی و مەزرا کشتوکاڵییەکانی خەڵکیش داگیر دەکەن.

خەڵک ناڕەزایەتییان دژی کارخانەکانی ئاشی خیز دەربڕیوە بەڵام هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن چونکە ئەو ئاشی خیزانە باج بە ڕێژیم دەدەن هەڕەشە لە خەڵک دەکەن و ڕێژیمیش پشتیوانیان لێوە دەکات.

دانیشتووانی گوندی تاژاندەرێ سەر بە شاری شنۆ باس لەوە دەکەن ئەو ئاشی خیزانە زەوییەکانی کشتوکاڵی تێک دەدەن و هەتا ئێستاش ناڕەزایەتییەکانیان به هیچ ئاکامێک نەگەیشتووە.

بە وتەی هاووڵاتییان دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم بەتایبەتی بەکرێگیراون ئاسانکاری بۆ خاوەن ئاشی خیزەکان دەکەن کە بتوانن خیزی ڕووبارەکە هەڵبگرن.

هەڵگرتنی خیز لە بەستێنی ئەو ڕووبارە دەبێتە هۆی ئەوەیکە مووچە، مەزرا، بە تایبەتی باغاتی گوندەکان زیانێکی جیدیان بەر بکەوێت.

ماوەی چەند ساڵە ئاشی خیزەکان لە شنۆ بێ گوێدان بە هیچ ئوسولێکی ژینگەپارێزی مافی وەرزێڕان و خەڵک پێشێل دەکەن.

بەهاری ئەمساڵ خاوەن ئاشی خیزەکان دەستیان بە هەڵگرتنی خیز لە بەستێنی ڕووباری گادەر دەست پێکرد و خیزێکی زۆری لەو ڕووبارە هەڵگیرا.

ئەو کات دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە نیسبەت تێکدانی ژینگەی کوردستان داوای لە خەڵک بە تایبەتی ئەندامانی حیزبی دێموکرات کرد، بەنیسبەت ئەو کارەساتە ژینگەییە کە لەلایەن ڕێژیم و دەستوپێوەندییەکانییەوە ئەنجام دەدرێت بێدەنگ نەبن.