کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارخانەی سیمانی دێهلوڕان پاش ١٥ ساڵ هێشتا نەگەیشتووەتە قۆناغی بەرهەمهێنان

12:14 - 28 بەفرانبار 2720

پڕۆژەی کارخانەی سیمانی دێهلوڕان بەهۆی پشتگوێ خستنی، لەلایەن بەرپرسانی باڵای پارێزگاوە، ماوەی ١٥ ساڵە، ٨٠ لەسەد لەباری فیزیکییەوە پێشکەوتووە و هەتا ئێستاش نەگەیشتووەتە قۆناغی بەرهەمهێنان.

هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم بڵاویان کردووەتەوە پڕۆژەی کارخانەی سیمانی "دێهلوڕان" لە پارێزگای ئیلام، بەهۆی گەندەڵیی بەرپرسانی پەیوەندیدار پاش ١٥ ساڵ هەروا نیوەکارە ماوەتەوە و هەتا ئێستاش نەگەیشتووەتە قۆناغی وەبەرهێنان.

بەڕێوبەرانی ئەو پڕۆژەیە سەدان میلیارد تمەن بوودجەیان بەناوی بەڕێخستنی ئەو پڕۆژەیەوە وەرگرتووە، بەڵام بەهۆی گەندەڵی و چاوەدێرینەکردنی بەرپرسانی باڵا لەو پارێزگایەدا بوودجەکە لەو پڕۆژەیەدا بەکار نەهێنراوە و خوراوە.

"ئەحمەد نەزەری" نوێنەری کرێکارانی کارخانەی سیمانی دێهلوڕان ڕایگەیاندووە: "٢٦ مانگ لە ڕاگرتنی ئەو پڕۆژەیە لەلایەن بانکی "میللەتـ"ـەوە تێپەڕیوە و بەدوادانەچوون بۆ ئەو کێشەیە لەو دۆخە ناجێگیرەی ئابووریدا بووەتە هۆی پێنەدانی مووچەی چەند مانگەی کرێکارانی ئەو پڕۆژەیە".

لە هەمان کاتدا "ڕەزا محەممەد ڕەحیمی"، بەڕێوبەری گشتیی پیشە، کانگا و بازرگانیی پارێزگای ئیلام، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییەکی سەر بە ڕێژیم ڕایگەیاندووە: "پێنەدانی قیستی بوودجەی ئاسانکاری، بووەتە هۆی ڕاوەستانی چالاکییەکانی کارخانەی سیمانی دێهلۆڕان".

ئەم قسانەی بەرپرسانی ڕێژیم لەحاڵێکدایە کە بوودجەی پێدراو بۆ ئەو پڕۆژەیە لەلایەن بەڕێوبەرانی پڕۆژەکەوە خوراوە و کارخانە نەگەیشتووەتە قۆناغی وەبەرهێنان تا بتوانێت قیستەکانی بداتەوە.