کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی بەرپرسانی ڕێژیم بە گەمارۆ نوێیەکانی ئامریکا

10:57 - 5 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە دوای ڕاگەیاندنی گەمارۆی نوێی ئامریکا بۆ سەر ڕێبەری باڵای ڕێژیم و چەند فەرماندەیەکی سپای تێرۆریستی پاسداران، کۆمەڵێک لە بەرپرسانی باڵای ڕێژیم، بە شێوەی جیاجیا کاردانەوەیان هەبووە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە، ٣ی پووشپەڕ، گەمارۆی نوێی خستە سەر ڕێبەری باڵای ڕێژیم و چەند فەرماندەیەکی سپای تێرۆریستی پاسداران.

بەرپرسانی ڕێژیم وەک سیاسەتی هەمیشەییان، ئەم گەمارۆیانەیان بەبێ دەستکەوت زانیوە و مەحکوومیان کردووە. یەکەم کەس کە کاردانەوەی خۆی نیشان داوە، "عەباس مووسەوی"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بووە کە  لە تویتێری خۆیدا نووسیویەتی: "گەمارۆی بێئاکامی ڕێبەری ئێران و فەرماندە دیپلۆماسییەکانی ئەم وڵاتە، بە واتای داخستنی هەمیشەیی ڕێگای دیپلۆماسییە لەگەڵ دەوڵەتی بێچارەی ئامریکا. دەوڵەتی ئامریکا لە حاڵی لەنێوبردنی هەموو ڕێوشوێنە جێکەوتووەکانی ئەمنییەتییە بۆ پاراستنی ئاشتی و ئەمنییەتی جیهان".

ئەم  بەرپرسەی ڕێژیم، لە کاتێکدا باسی پاراستنی ڕێوشوێنە ئاشتییەکان لە ناوچەکەدا دەکات کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نەتەنیا هیچ هەوڵێکی لەو بوارەوە نەداوە، بەڵکوو بەردەوامیش بە دوای پەرەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەیە.

"حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی سێشەممە، ٤ی پووشپەڕ، لە دانیشتنێکدا ڕایگەیاندووە: "ڕێبەری ئێران تەنیا بۆ خەڵکی ئێران نییە، ئەم هەموو خەڵکە لە لوبنان، ئەفغانستان، عێراق و پاکستان پێبەندی ڕێبەری ئیسلامین. کەسێک بە شێوەیەکی ترسناک عەقڵی خۆی لەدەست داوە و ڕێبەری وڵاتێک تەحریم دەکات. یان ئەوەیکە وتوویەتی دەست بەسەر سەروەتەکانی ڕێبەری ئێراندا دەگرم. سەروەتەکانی ڕێبەری ئێران حسێنییەیەکە و ماڵێکی سادەیە و وەک ڕێبەرانی دیکەی دونیا نییە کە لە بانکە جیهانییەکاندا سەروەت و سامانی هەبێت".

مانگی ڕابردوو، باڵوێزی ئامریکا لە عێراق ڕایگەیاند کە داراییەکانی "عەلی خامنەیی"، خۆی لە ٢٠٠ میلیارد دۆلار دەدات.

هەر لەم ڕاستایەدا چەند بەرپرسێکی دیکەی ڕێژیم وەک: "عەباس عەلی کەدخودایی و مەجید تەخت ڕەوانچی" بە شێوەی جیا، گەمارۆکانی ئامریکایان مەحکووم کردووە و ڕایانگەیاندووە کە هەتا ڕێژیمی ئێران گەمارۆی لەسەر بێت، بۆ سەر مێزی وتووێژ ناڕوات.