کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی وڵاتانی جیهان لەسەر پیتاندنی ئورانیۆمی ڕێژیم

17:50 - 11 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: هەواڵی گەیاندنی پیتاندنی ئورانیۆمی ڕێژیمی ئێران بۆ زیاتر لە ٣٠٠ کیلۆگرەم، کاردانەوەی وڵاتانی جیهانی بەدواوە بوو.

دوای ئەوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە زیاتر لە ڕێژەی دیاریکراوی "بەرجام" ئورانیۆمیان پیتاندووە و بە زیاتر لە ٣٠٠ کیلۆگرەمیان گەیاندووە، "جێرێمی هانت"، وەزیری دەرەوەی بریتانیا، ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی پووشپەڕ، لە لاپەڕەی تویتێریی خۆیدا نووسی: "ئەگەر ڕێژیمی ئێران لە پێشێلکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتننامەی بەرجام بەردەوام بێت، ئەوا ئێمەش لەو ڕێککەوتننامەیە دێینە دەرەوە".

هەروەها، "ئیمانوئێل ماکرۆن"، سەرکۆماری فەرانسە، هۆشداریی بە ڕێژیمی ئێران داوە و داوای لەو ڕێژیمە کردووە کە بە زووترین کات پیتاندنی ئورانیۆم بووەستێنێت و پێبەندی ڕێککەوتننامەی بەرجام بێت و بگەڕێتەوە بۆ ئاستی دیاریکراوی پیتاندنی ئورانیۆم.

"سێرگێی لاورۆڤ"، وەزیری دەرەوەی ڕووسیەش، داوای لە ڕێژیمی ئێران کردبوو کە "ئارامیی خۆی بپارێزێت" و پێبەندی ڕێککەوتننامەی ناوکی، ناسراو بە "بەرجام" بێت.

لە درێژەدا وڵاتی چینیش، نیگەرانیی خۆی بە هەواڵی زیادکردنی پیتاندنی ئورانیۆمی ڕێژیم دەربڕی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان، کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بێت، سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانیی جیددی بەرامبەر بەم هەوڵەی ڕێژیم، بە ڕادیۆ فەرانسەی ڕاگەیاندووە: "ئێمە داوا لە ڕێژیمی ئێران دەکەین کە واز لەم کارەیان بێنن و پێبەندی ڕێککەوتنبامەی بەرجام بن".

هەر لەم ڕاستایەدا، "دانڵد ترامپ" سەرکۆماری ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی پووشپەڕ، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاند: "ئەوان دەزانن کە خەریکی چ کارێکن. ئەوان دەزانن کە یاری بە چ شتێک دەکەن. ئەوان خەریکن یاری بە ئاگر دەکەن. کەواتە من هیچ پەیامێکم بۆ ڕێژیمی ئێران نییە".