کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوە جیهانییەکان بەنیسبەت ئێعدامی ڕوحوڵڵا زەم

12:31 - 23 سەرماوەز 2720

''ڕوحوڵڵا زەم'' بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامیی ''ئامەد نیوز'' کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئێعدام کرا، شەپۆلێکی زۆر لە کاردانەوەی نێونەتەوەیی بەدواوە بوو.

''دایانا ئەلتەحاوی'' جێگری ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقا وتوویەتی، ئێعدامکردنی ''زەم'' زەربەیەکی کوشندە لە ئازادیی ڕادەربڕین لە ئێران بوو و نیشان دەدات کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەتا چەندە بۆ چاندنی ترس و سەرکوتی دژبەران لە شێوەی بێبەزەییانە کەڵک وەردەگرن.

هەروەها یەکیەتیی ئورووپا ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەز، بە دەرکردنی بەیانییەیەک بەتوندترین شێوە و بە دەربڕینی دەستەواژەی توند، ئێعدامی ''ڕوحوڵڵا زەمـ''ـی مەحکووم کرد.

هاوکات ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ ئەو ئێعدامەی مەحکووم کردووە و ''تارا سپێهری فەڕ'' لێکۆڵەری ئەو ڕێکخراوەیە وتوویەتی: ''ئێعدامکردنی زەم دەریخست کە ڕێژیمی ئێران هەتا چ ڕادەیەک لە سزای زاڵمانە و نامرۆڤانەی ئێعدام وەکوو چەکێک بۆ سەرکوت کەڵک وەردەگرێت".

هەروەها وڵاتی فەرانسە لە کاردانەوەیەکدا ئێعدامکردنی ''ڕوحوڵڵا زەمـ''ـی بە هەوڵێکی دڕندانە ناو لێ بردووە.

هاوکات وڵاتانی کانادا، ئاڵمان، بریتانیا و هەروەها کۆمیتەی بەرگری لە ڕۆژنامەوانان و هەواڵنێرانی بێسنوور، هەر کامیان بە دەرکردنی بەیانییەیەک ئیعدامی ''ڕوحوڵڵا زەمـ''ـیان بەتوندی مەحکووم کرد.

هەواڵنێرانی بێسنوور، ''عەلی خامنەیی'' ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بە ڕێکخەری سەرەکیی ئەو ئێعدامە دەزانێت.

''ڕوحوڵڵا زەم'' دژبەری ڕێژیمی ئێران و بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامیی ''ئامەد نیوز'' کە لە وڵاتی فەرانسە پەنابەر بوو، مانگی ڕەزبەری ساڵی پێشوو لە سەفەرێکدا بۆ عێراق دەسبەسەر کرا و بۆ ئێران ڕاگوێزرا و ڕەوانەی زیندان کرا  و بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەز، دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیمی ئێران لە بەیانییەیەکدا ئێعدامی ناوبراوی ڕاگەیاند.