کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٠٠ کارمەندی "ڕێکخراوەی گاج" لەسەر کارەکانیان دەر کراون

12:52 - 30 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بەهۆی گرانی و نەبوونی بازاڕی کاغەز و چاپەمەنیی کتێب، کارمەندانی "ڕێکخراوەی گاج" کارەکانیان لەدەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی سەر بە ڕێژیم "ئیلنا"، بە هۆی گرانی و نەبوونی بازاڕی کاغەز و چاپەمەنی، "ڕیکخراوەی گاج" دەستی بە کەمکردنەوەی کارمەندەکانی کردووە.

کارمەندانی ئەم ڕێکخراوەیە بەم هەواڵدەرییەی سەر بە ڕێژیمیان ڕاگەیاندووە، کە لەم چەند مانگەی دواییدا زیاتر لە ٥٠٠ کرێكار لەسەر کارەکانیان دەرکراون.

ئەم کرێکارانە وتوویانە: "ئەبولفەزل جۆکار قەهروودی"، دامەزرێنەری "ڕێکخراوی گاج"، لە مانگی خەزەڵوەردا، بڕیاری دەرکردنی ١٥٠ کارمەندی داوە و لە مانگی سەرماوەزیشدا ٤٠٠ کارمەندی دیکەی دەر کردووە.

ئەم کارمەندان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیاندا ڕایانگەیاندووە، کە ئەم کرێکارانە لە کاتێکدا دەر کراون، کە لە ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕی ئەمساڵدا، وەک باشترین کارمەندانی ساڵی ١٣٩٧ ڕێزیان لێ گیراوە.

قەیرانە ئابوورییەکان لە ئێراندا، ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەڵاوساندان و هەموو پیشە و بوارەکانی ژیانی خەڵكی گرتووەتەوە.

وەزیری کاری ڕێژیمی ئێران، چەند مانگ پێش و پێش دەستپێکردنی دەوری دووەمی گەمارۆوەکان ڕایگەیاندبوو، کە دوای دەستپێکردنی دەوری دووەمی گەمارۆوەکانی ئامریکا زیاتر لە یەک میلیۆن کەس بێکار دەبن.