کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٥٠ کارناسی مافی مرۆڤ: نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧ کۆمیتەی لێکۆڵینەوە پێک بێنێت

12:29 - 15 بانەمەڕ 2721

 زیاتر لە ١٥٠ بەرپرسی پێشووی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کارناسانی مافی مرۆڤ، لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە بۆ پێداچوونەوە بە ئێعدامی بەربڵاوی زیندانیانی سیاسی لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ لە ئێران، کۆمیتەیەکی لێکۆلینەوە پێک بێنێت.

لەو نامەیەدا هاتووە کە زۆرێک لە بەرپرسان لە بڕیاردەران  و بکەرانی ئەو جینایەتە پارێزاویی سیستماتیکیان هەیە و لە ئێستادا لە نێو ڕێژیمی ئیسلامی ئێراندا پلەو پایەی گرینگی دادوەری و حکومەتییان لەبەردەست دایە.

لەو نامەیەدا هاتووە کە لە ڕێکەوتی ٣ی سێپتامبری ساڵی ٢٠٢٠دا، ٧ ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیان ڕاگەیاندووە کە ئەگەری هەیە ئێعدامە سەرەڕۆیەکان و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی هەزاران زیندانیی سیاسی لە ساڵی ٦٧ی هەتاوی بە جینایەتی دژە مرۆیی بناسرێت.

هەروەها لە نامەی ئەو ١٥٠ کارناسەی مافی مرۆڤدا ئاماژە بەوە کراوە: '' ئێمە داوا لە شورای مافی مرۆڤی دەکەین بە پێکهێنانی کومیتەی لێکۆڵینەوە لەبارەی ئێعدامە سەرەڕۆیەکان و بێسەروشوێنکردنیان لە ساڵی ١٣٦٧ ی هەتاوی، کۆتایی بە فەرهەنگی پاراستنی ئەو کەسانە بێنن".

ساڵی ١٣٦٧هەتاوی بە فەرمانی خومەینی و بە پێکهێنانی هەیئەتێک لە ژێر ناوی هەیئەتی مەرگ هەزاران زیندانیی سیاسی ئێعدام کران.