کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارگای پەهبادی ڕێژیمی ئێران لە یەمەن، لەنێو براوە

12:36 - 10 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: هاوپەیمانەتی عەرەبی، پاش دۆزینەوەی کارگایەکی سازکردنی پەهبادی ڕێژیمی ئێران لە یەمەن، ئەو شوێنەی لەنێو بردووە.

سەرهەنگ تورکی مالکی، وتەبێژی فەرمیی هاوپەیمانەتی عەرەبی لە یەمەن، هەواڵی لەنێوبردنی کارگایەکی سازکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە جۆری پەهبادی پشتڕاست کردوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٧ی جۆزەردان، تورکی مالکی لە پرێسکۆنفڕاسێکدا ڕایگەیاندووە: "میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بە کەڵکوەرگرتن لە پەهبادەکانی ڕێژیمی ئێران، هەوڵی هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی ئەبها لە باشووری عەرەبستانیان داوە، کە لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبییەوە پووچەڵ کراوەتەوە".

ناوبراو لەو بارەوە ڕوونی کردوەتەوە، کە هێزەکانی هاوپەیمانەتی عەرەبی توانیویانە کارگای سازکردنی پەهباد لە جۆری ئەبابیلی ئێرانی، بدۆزێتەوە و لەنێوی ببات.

میلیشیا حووسییەکانی یەمەن لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، دژ بە دەوڵەتی فەرمیی یەمەن و عەرەبستانی سعوودی بە هەموو شێوەیەک یارمەتی و پڕچەک دەکرێن.