کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاریگەریی گەمارۆوەکان بەشی دەوا ودەرمانیشی گرتەوە

12:32 - 4 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا:کێشە دارایییەکان نەخۆشخانەکانی تووشی کەمیی کەلوپەل و دەرمان کردووە.

مەحمود جەباروەند، بەرپرسی ئەنجومەنی دکتورانی چاوی لە ئێران، لە بارەی خراپیی دۆخی نەخۆشخانەکان بۆ دابینکردنی کەلوپەلە پزیشیکییەکان هۆشداری داوە و ڕایگەیاندووە: بەکارهێنانی هەندێک کەلوپەلی دەرمانی لە نەخۆشخانەکان سنووردار کراوە.

ناوبراو هۆکاری بەرەوڕووبوونەوەی نەخۆشخانەکانی لەگەڵ دابینکردنی کەلوپەلە پێویستەکان بەکردەیی نەکردنی بەڵێنییەکان لە لایەن ناوەندەکانی بیمەی زانیوە و ڕایگەیاندووە: "خراپتربوونی ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی هەندێک لە نەخۆشەکان درێژە بە بەکارهێنانی دەرمان نەدەن و چاوەڕوانی باشتربوونی دۆخەکە بن".

 

لە لایەکی دیکەشەوە، داریوش ئارمان، بەرپرسی ڕێژیم لە ئەنجومەنی پشتیوانی لە نەخۆشەکانی گورچیلە، بە ئاماژەدان بە گرانبوونی دەرمان و کەمیی  هەندێک لە کەلوپەلە پێویستەکانی نەخۆشینی گورچیلە بە هۆی گەمارۆوەکان، کەمیی ٢٥٠٠ دەزگای دیالیزی لە ئێراندا ڕایگەیاند و باسی لەوە کردووە، کە نرخی دەزگاکانی دیالیزیش ٥٠ هەتا ١٠٠ لەسەد بەرز بووەتەوە.

ناوبراو سەرەڕای گەمارۆوەکان هۆکاری دیکەی وەک پاشکەوتکردن یان پێشگرتن لە  ئازادکردنی دەرمان لە لایەن گومرۆکەوە بە هۆکاری کەمبوونی دەرمان زانیوە و وتوویەتی: ساڵانە لە وڵاتدا ٤٠٠ هەتا ٥٠٠ میلیارد تمەن بۆ هەندیک لە دەرمانی ناپێویستی وەک: ئانتی بیوتیکەکان بەکار دەهێنرێت و جەختی لەوە کردووە، کە دەوڵەت دەتوانێت ئەم تێچووە بۆ نەخۆشەکانی گورچیلەی تەرخان بکات.

هەر لەم پێوەندییەدا مێهدی بیگدلی، جێگری بەرپرسی خواردن و دەرمانی زانکۆی پزیشکی پارێزگای زنجان وتوویەتی: ئەگەر پێشتر لە دابینکردنی ٥٠ جۆر دەرمان کێشەمان هەبووبێ، ئێستە ئەم ڕێژەیە بۆ ١٠٠جۆر بەرز بووەتەوە.

لیسا ئەستیکنی، وتەبێژی فارسیزمانی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە وتووێژێکیدا لە بارەی ئاوارەتەبوونی گەمارۆوەکان ڕایگەیاندووە: "لە خولی یەکەمی گەمارۆوەکان بۆ کەلوپەلە مرۆیییەکان ئاوارتەگەلێک هەیە؛ بەپێی قسەکانی ناوبراو دەرمان و کەلوپەلە پزیشکییەکان لە لیستی گەمارۆوەکانی ئامریکادا نین؛ هۆکاری کەمیی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ دابەزینی نرخی دراوی ئێران و ناکارامەیی ڕێژیم بۆ دابینکردنی ئەم کەلوپەلانە دەگەڕێتەوە.