کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کافەبازاڕ هەک کرا

13:39 - 8 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: "سورس کۆد" و "دەیتابەیسـ"ـی بەکارهێنەرانی کافەبازاڕ لە دەستی گرووپێک لە هەکێرەکاندایە و تەنانەت بەشێکیان بڵاو کراوەتەوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، نەرمئامێرێکی دروستکراوی ڕێژیمی ئێران هەک کراوە. بە سەرنجدان بە ٤٠ میلیۆن بەکارهێنەری کافەبازاڕ، ئەمە گەورەترین ئاشکرابوونی زانیاریی سایبریی ڕێژیمی ئێران لە ماوەیەکی زۆردا دەر دەخات.

لە پەیوەندی لەگەڵ هەککردنی ئەو نەرمئامێرانەی کە ڕێژیمی ئێران دروستی دەکات و دواتر بە شێوازێکی نهێنی و بە ڕووپۆشی هيکێرانی بیانی یان نێوخۆیی زانیارییەکانیان دەدزێت، باس زۆرە و ئەمە لە تاکتیکەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمە بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی لەسەر خەڵک.

پێشتریش ئاگاداری دراوە، کە ئەو نەرمئامێرانە و تۆڕەکۆمەڵایەتییانەی کە ڕێژیمی ئێران دروستی دەکات، نائەمنن و بە هۆیەوە سیخۆڕی دەکەن و زانیاریی خەڵک دەدزن و چەند ڕۆژ پێش ئێستاش، کۆمپانیای گووگڵ لە بڕیارێکی نوێدا پێشی بە دابەزاندنی دوو تۆڕی کۆمەڵایەتیی هاتگرام و تێلێگرامیی تەڵایی گرت، کە ڕێژیمی ئێران بەو هۆیانەوە سیخوڕی دەکرد.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابروودا و بەتایبەت لە کاتی سەرهەڵدانی خرۆشانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئێران لە هەمبەر سیاسەتە دیکتاتۆرانەکانی ڕێژیمی ئێران، بەرپرسانی باڵای ڕێژیم وەکوو سیاسەتی هەمیشەییی خۆیان، ئەو خرۆشانانەی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانیان بە فیتنە و ئاژاوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام گرێ دایەوە.