کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کامێرا ئەمنییەتییەکانی زیندانی ئێڤین و پۆلیسی ڕاهوەری ڕێژیم هەک کران

12:09 - 1 خەرمانان 2721

کامێرا ئەمنییەتییەکانی زیندانی ئێڤینی تاران و زانیارییەکانی پۆلیسی ڕاهوەری ڕێژیم لەلایەن گروپێک بە ناوی ''عەداڵەتی عەلی''هەک کرا.

گرووپێکی هەکێر کە خۆی بە ''عەداڵەتی عەلی'' ناساندووە ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی گەلاوێژ، کامێرا ئەمنییەتییەکانی زیندانی ئێڤین لە شاری "تارانـ"ـیان بەتەواوەتی خستەژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە و فیلمی ڕاستەوخۆی نێو ئەو زیندانەیان بڵاو کردەوە.

لەو فیلمەدا لایەنە شاراوەکانی ئەو زیندانە و ئازار و ئەشکەنجەی بەندییەکان نیشان دەدرێ و کەسێک کە بێهۆش دەبێ لەلایەن چەند مەئموورێکی زیندانەوە ڕادەکێشرێ و بە شێوەیەکی نامرۆڤانە ئازار دەدرێت.

هەروەها لەلایەکی دیکەوە ئەو گرووپە ناوەندی پۆلیسی ڕاهوەری ڕێژیمی ئێرانیان هەک کردووە و زانیارییەکانی ئەو ناوەندەیان بەتەواوی ئاشکرا کردووە.
ئەو گرووپە هەکێرە لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریی داوە کە ئەو زوڵم و ستەمەی کە ''ئیبراهیم ڕەئیسی" لە خەڵکی دەکات، بەردوام لە قاوی دەدەین.

زیندانی ئێڤین ناسراوترین زیندانی ئێرانە کە لە بەندە جیاوازەکانیدا زیندانیانی سیاسی ڕادەگیرێن و هەندێک لە بەندەکانی ئەو زیندانە لە ژێر چاوەدێریی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارن دایە.