کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانونی داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ خەڵاتی خۆی لە "مەولەوی عەبدولحەمید" وەرگرتەوە

12:07 - 3 خەرمانان 2721

کانونی داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی سێشەممە ٢ی خەرمانان ڕایگەیاند کە بەهۆی ئەوەی کە ''مەولەوی عەبدولحەمید'' پێشنوێژی سونە مەزهەبی هەینیی زاهیدان پشتیوانیی لە گرووپی تاڵبان کردووە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەو پشتیوانییەی ناوبراو، خەڵاتی چالاکوانی مافی مرۆڤ کە لە ساڵی ٩٣ بە عەبدولحەمیدی بەخشی بوو، وەردەگرێتەوە.

لە بەیاننامەی ئەو کانونە جەخت کراوەتەوە کە هەڵوێستی پێشنوێژی سونە مەزهەبی زاهیدان لە دژایەتی لەگەڵ یاساکانی مافی مرۆڤ و ئاشتیی سەقامگرتووی جیهانی بووە و ناوبراو گوێی بە هۆشدارییەکانیش نەداوە.

''مەولەوی عەبدولحەمید'' ڕۆژی ٢٦ی گەلاوێژ لە پەیامێکدا پشتیوانیی لە تاڵبان کردبوو و پیرۆزبایی سەرکەوتنی ئەوانی لە ئەفغانستان کردبوو و داوای لە خەڵک کردبوو کە گوێ نەدەن بەو تەبلیغاتەی کە دژی تاڵبان دەکرێت.

دوای ئەو قسانەی ناوبراو، کانونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد کە لە ساڵی ٩٣ دوای تاوتوێی هەوڵە باشەکانی ''عەبدولحەمید'' لە بوارەکانی ئاشتی و مافی مرۆڤ و داکۆکی لە مافی کەمینەکان، ناوبراوی بە براوەی خەڵاتی ساڵانەی مافی مرۆڤ هەڵبژارد، بەڵام ئەو کانونە دوای پشتیوانیی ناوبراو لە ''ئیبراهیم ڕەئیسی و گرووپی تاڵبان''، دەیهەوێت بەنیسبەت ئەو هەڵوێستەی بڕیاری خۆی بگۆڕێت.

دوابەدوای ئەو بەیاننامەیەی کانونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، نووسینگەی ''مەولەوی عەبدولحەمید'' لە ڕاگەیەندراوێکدا دووبارە پشتیوانیی لە هێندێک لە هەوڵەکانی گرووپی تاڵبان کرد و نووسی: ''جگە لە تاڵبان هیچ حکوومەت و ڕێکخراوێک ناتوانێت ئەمنییەت بۆ ئەفغانستان بگەڕێنێتەوە".