ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک "ئاکام دەریایی" پێشمەرگەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەهۆی ڕووداوێکی دڵتەزێنەوە گیانی لەدەست دا و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.
شەهید "ئاکام دەریایی" خەڵكی شاری شنۆ، ساڵی ١٣٧٤ی هەتاوی لەدایک بووە. کاتێک گەیشتووەتە قۆناغی خوێندن لەلایەن دایک و باوکی دلسۆزیەوە وەبەر خوێندن دەدرێت و هەتا قۆناغی ناوەندی درێژە بە خوێندن دەدات.
دوای ئەوەیکە دەگاتە تەمەنی لاویەتی، وەک زۆربەی لاوانی نیشتمان بەهۆی بیرکردنەوە و تێگەیشتن لە زوڵم و زۆرداریی ڕێژیمی تاران لەسەر خاک و خەڵکی کوردستان، دەست بە خەبات دەکات.
لەسەر ئەساسی ئەم جیهانبینییەی کە دەڵێت: "لاوان داینەمۆی شۆڕش بۆ سەربەستیی گەلن" چەکی شەرەف و پاڕێزگاری لە نەتەوە و نیشتمانی کردە شان و پەیوەست بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتەوە بوو.
شەهید "ئاکام" بۆ درێژەدان بە خەبات بە شێوەی سازمانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی پێوەندیی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە دەگرێت و وەک ئەندامێکی نهێنی دەستی بە کار و چالاکیی حیزبی کرد.
دوای ئەوەیکە خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات ڕاگەیەندرا و هێزی پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵات دەستی بە کار و تێکۆشان کردەوە، شەهید ''ئاکام" ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی بە فەرمی پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوو و چەکی بەرگری لە نیشتمانی کردە شان.
دوای تێپەڕاندنی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە لە هێزی "تایبەت" سازمان درا و دەستی بە کار و تێکۆشان کرد. بەهۆی لێوەشاوییەوە بوو بە "سەرپەل".
لە درێژەی کار و چالاکییەکانیدا ساڵی ١٣٩٧ لە هێزی ١٢٩ سازمان درا و هەتا کاتی شەهیدبوونی لەو هێزە ئەرکەکانی خۆی بەڕێوە دەبرد.
لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا چەندین جار وەک مەئمووریەتی حیزبی گەڕایەوە نێوخۆی وڵات و هەموو مەئمووریەتییەکانی بە سەرکەوتوویی بەڕێوە برد.
شەهید ئاکام ڕۆڵەیەکی ئازا و بە جەرگ بوو، لە سەخترین ساتەکان سامناکیی دوژمنی دەشکاند و هیوا و ورەی بە لاوان دەبەخشی.
کاک "ئاکام دەریایی" مەخابن دەستی قەدەر پێی گەیشت و "ئاکامـ"ـی مێرخاسی لە باوەشمان ئەستاند و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو و سەنگەری خەباتی بۆ هاوسەنگەرانی بەجێ هشت.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی ئەو پێشمەرگە ئازایە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، کەسوکار و هاوسەنگەرانی دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.