کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک "تۆفیق ڕەمەزانی" باوکی شەهید "سەعدی ڕەمەزانی" لە هەورامان کۆچی دوایی کرد

10:40 - 20 خەزەڵوەر 2720

ڕێکەوتی ١٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی، کاک "تۆفیق ڕەمەزانی"، باوکی شەهید "سەعدی ڕەمەزانی" و خەڵکی گوندی "نروێ" سەر بە ناوچەی نەوسوودی هەورامان، دوای تەمەنێک سەربەرزانە بە ڕازیبوون بە قەدەری ژیان لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "تۆفیق" پیاوێکی حیزبدۆست و نیشتمانپەروەر بووە و هەمیشە شانازیی دەکرد کە جگەرگۆشەیەکی خۆی، پێشکەش بە بارەگای ئازادیی کوردستان کردووە.

شەهید "سەعدی ڕەمەزانی" ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی، لە گوندی "نروێ" لەدایک بووە. دوای هێرشی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و بۆ بەرگریکردن لە خاک و گەل و نیشتمانەکەی چەکی شەرەفی لە شان کردووە. ناوبراو لە ڕیزەکانی خەبات، وەکوو کادری دەرمانی، ئەرکە حیزبییەکانی بەو پەڕی دڵسۆزییەوە بەڕێوە بردووە.

دەرەنجام شەهید "سەعدی" لە ڕێکەوتی ٦ی ڕێبەندانی ١٣٦٣ی هەتاوی، لە شەڕێکی نەخوازراودا لە گوندی "شۆشمێ"" تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتان بوو. تەرمی ناوبراو لە شۆشمێـ"ـدایە.

کاک "تۆفیق ڕەمەزانی" هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی ڕۆڵە شەهیدەکەی وەفادار مایەوە. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخەشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەش خەمیان دەزانێت.