کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک "حوسێن پوورخزر" کەسایەتیی نیشتمانپەروەری خەڵکی نەغەدە کۆچی دوایی کرد

12:46 - 2 بەفرانبار 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، کەسایەتییەکی حیزبدۆست و نیشتمانپەروەر بە ناوی کاک "حوسێن پوورخزر" کوڕی "ڕەحمان"، خەڵکی گوندی "وێنسلیان" سەر بە نەغەدە، لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "حوسێن" ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی و لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لەدایک بووە. ناوبراو کەسایەتییەکی دیاری ناوچەی سندووسی نەغەدە بوو و برایەکی بە ناوی "حەسەن پوورخزر" شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.

شەهید "حەسەن پوورخزر" ساڵی ١٣٣٤ی هەتاوی لە نەغەدە لەدایک بووە. ناوبراو دوای هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و لە مەتەرێزی خەبات بۆ نیشتمانەکەی چەکی پێشمەرگایەتیی لە شان کردووە. ناوبراو کاردی دەرەجە ٤ بووە.

دەرەنجام شەهید "حەسەن" لە ڕێکەوتی ١٤ی بەفرانباری ١٣٦٦ی هەتاوی، لە بۆمبارانێکدا لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە "بۆڵێـ"ـی کوردستانی باشوور، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بووە. گڵکۆی ناوبراو لە "بۆڵێـ"ـیە.

کاک "حوسێن پوورخزر" هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ئارمان و ئارمانجە بەرز و مرۆڤتەوەرانەکانی حیزبی دێموکرات وەفادار مایەوە. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پاکی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکرات سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک "حوسێن" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.