کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک "حەسەن ئازەرئەفشان" پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات لە نەغەدە کۆچی دوایی کرد

12:42 - 29 بەفرانبار 2720

ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی، کاک "حەسەن ئازەرئەفشان"، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دانیشتووی شاری نەغەدە لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا و بەهۆی ڕاوەستانی دڵ، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "حەسەن "، کوڕی مام "ڕەسووڵ"، لە بنەماڵەیەکی مام ناوەندی و نشتیمانپەروەر، لە گوندی "گرکەگوور"ی ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ لە دایک بووە و دواتر ڕووی کردووەتە ناوچەی "دۆڵ" سەر بە شاری ورمێ و لە گوندی "دەلۆ"ی ناوچەی دۆڵ نیشتەجێ بووە.

ناوبراو دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و ئاشکرابوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەک ئەندامێکی حیزبی دێموکرات دەستی بە خەبات و تێکۆشان کردووە.

بەهۆی ئەوەیکە برایەکی کاک "حەسەن"، پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە و لەژێر گوشاری کۆماری ئیسلامیدا بوونە، سەرەنجام ڕێکەوتی ١٤ی خاکەلێوەی ١٣٦١ی هەتاویدا، بڕیاریان دا لەگەڵ دوو برای دیکەی بچنە نێو ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەر چوار برا پێکەوە بوونەتە پێشمەرگە.

سێ برای لە هێزی شەهید "سمکۆ"دا بوون، بەڵام کاک "حەسەن"، بەهۆی ئاشنایەتیی زۆری لە گەڵ تەشکیلاتی کۆمیتەی شارستانی نەغەدە و پێشمەرگەکانی هێزی شەهید "ئەفشین"، هەتا کۆتایی پاییزی ٦٣ی هەتاوی، لە هێزی شەهید "ئەفشین" و لە ڕیزەکانی خەباتدا، تێکۆشانی هەبووە.

دوای گیرانەوەی ناوچەی "سەرشاخان"، کاک "حەسەن" وێڕای هاوسەنگەرانی پاشەکشەیان کرد بۆ قەندیل. ناوبراو بەهۆی ئەوەیکە ماڵ و خێزانەکەی لە ناوچەی "سەرشاخان" دەژیان لە سەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە و ماڵەکەی بردە شاری نەغەدە و هەتا کۆتایی ژیانی بە ڕێبازی شەهیدان وەفادار مایەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.