کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک "سەعید ئەشرەفی" پێشمەرگەی دێرینی خەڵکی ورمێ کۆچی دوایی کرد

10:45 - 16 سەرماوەز 2720

ڕێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی، کاک "سەعید ئەشرەفی"، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەڵکی گوندی "خانک" سەر بە ناوچەی برادۆستی ورمێ، لە شاری "گەوەر"ی کوردستانی باکوور ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "سەعید" لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە، پەیوەست بووە بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و لە دەستەی شەهید "یاوەر" و لە هێزی شەهید سەرگورد "عەباسی"، ئەرکە حیزبییەکانی بەڕێوە بردووە.

ناوبراو هەتا ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لە ڕیزەکانی شۆڕشدا چالاکانە خەباتی کردووە. لە شەڕێکی چەند ڕۆژەدا کە گوندەکەیان کەوتووەتە دەست هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، بنەماڵەکەی بە ناچار ئاوارەی کوردستانی باکوور بوونە و لە شاری "گەوەر" نیشتەجێ بوونە.

دواتر کاک "سەعید" بەبۆنەی بوونی بنەماڵەکەی لە کوردستانی باکوور، بە ناچار چووەتە کوردستانی باکوور و لەگەڵ بنەماڵەکەی لە شاری "گەوەر" گیرسایەوە. ناوبراو دوای دانشتنیشی، کەسێکی نیشتمانپەروەر و لایەنگری حیزبی دێموکرات بووە و هەتا دواساتەکانی ژیانی هاوکاریی حیزبی دێموکراتی کردووە. تەرمی کاک "سەعید" لە شاری "گەوەر" بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.