ڕێکەوتی ٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٩ی هەتاوی، کاک "محەممەدئەمین محەممەدئەمینی"، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خەڵکی گوندی "زێوه" و دانیشتووی پیرانشار، ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک "محەممەدئەمین"، ناسراو بە "خاڵەمینە"، لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بووتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە هێزی "ئاوارە" سازمان دراوە و بۆ ماوەی دوو ساڵ پێشمەرگە بووە.
لە ئاکامی خەبات و شۆڕشدا ئاوارەی کوردستانی باشوور بووە و لە کۆمەڵگای "سێبران" نێشتەجی بووە. ساڵی١٣٦٠ی هەتاوی، گەڕاوەتەوە نێوخۆی وڵات و دواتر وەک ئەندامێکی دڵسۆز درێژە بە کار و چالاکی دەدات.
ناوبراو، لەلایەن ڕێژیمەوە دایم لەژێر چاوەدێری بووە، بۆیە ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی، لەلایەن ئێدارەی ئێتلاعاتی پیرانشارەوە گیرا و بۆ ماوەی سێ مانگ زیندانی کرا بەڵام خاڵەمینە هەمیشە بە ڕێبازەکەی وەفادار مایەوە.
تەرمی کاک "محەممەدئەمین" لەنێو ئاپۆڕای خەڵکدا بە خاک ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.