کوردستان میدیا

یەکشەممە 3ی رێبەندان 2721
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک "مەحموود تاتەلی" ئەندامی حیزبی دێموکرات لە نەغەدە کۆچی دوایی کرد

12:19 - 19 بەفرانبار 2721

ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی "محەموود تاتەلی" کوڕی "حەسەن" و خەڵکی گوندی "گردە قیت" سەر بە ناوچەی سندووسی نەغەدە، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "مەحموود" لەدایکبووی ساڵی ١٣٣٤ی هەتاوییە و لە سەرەتای شۆڕشەوە بووە بە ئەندامی حیزبی دێموکرات.

ناوبراو ئەندامێکی چالاک و یارمەتیدەری کادر و پێشمەرگەکانی حیزب بووە و بە دەیان جار کاری بۆ پێشمەرگە بریندارەکان کردووە، لە دابینکردنی دەوا و دەرمانەوە بگرە هەتاکوو ڕاگواستنیان بۆ شوێنی پێویست.

کاک "مەحموود" ٢٩ی جۆزەردانی ١٣٧٣ی هەتاوی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ ماوەی ٣ ساڵ و شەش مانگ لە ئیتلاعاتی نەغەدە لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بووە بەڵام قەت تەسلیمی ویست و داخوازییەکانی دوژمن نەبووە و دواتر ڕەوانەی زیندانی ورمێ کراوە.

ئەو ئەندامە تێکۆشەرە زاوای شەهید "عومەر قەیتەرانی" کادری حیزبی دێموکراتە. تەرمی ناوبراو لەسەر وەسیەتی خۆی بە جامانە و لەنێو ئاپۆرای خەڵکدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک "مەحموود" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.