ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک "ئەحمەد عەبدی" باوکی شەهیدێکی مەدەنیی کوردستان بە ناوی "مالیک عەبدی" خەڵکی گوندی "ماوانە" سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، دوای تەمەنێکی سەربەرزانە، بەهۆی پیری و بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک ئەحمەد لەدایکبووی ساڵی ١٣٠٧ی هەتاوییە.
شەهید "مالیک" لە ڕێکەوتی ١٠ی جۆزەردانی ١٣٧٠ی هەتاوی، لە کاتی چوون بۆ سەردانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، کەوتووە بەسەر یەکێک لە مینە چێندراوەکانی ڕێژیمی ئێران و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بووە.
مامۆستا "عەبدوڵڵا عەبدی" کوڕەکەی دیکەی کاک ئەحمەد، لە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و بەهۆی لێهاتووییەوە لە هێزی "ئاگریـ"ـدا وەکوو کادر سازمان دراوە و پێئەسپێردراوە حیزبییەکانی بوێرانە بەڕێوە بردووە.
ناوبراو ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی پاش ١٥ ساڵ خەبات و تێکۆشان لە ڕیزەکانی شۆڕشدا، چووەتە وڵاتی سوئید و لەوێدا وەکوو ئەندامی ئاشکرای حیزبی دێموکرات درێژە بە کار و چالاکییەکانی دەدات.
کاک "ئەحمەد" بەهۆی ئەوەیکە کوڕەکەی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە، لە ماوەی ٣٧ ساڵی ڕابردوودا زۆر جار لەلایەن ڕێژیمەوە دراوەتە بەر ئازار و ئەشکەنجەی دڕەندانە و ڕێگرییان لە هەر چەشنە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کوڕەکەی کردبوو، بەڵام قەت تەسلیمی ویست و داخوازییەکانی دوژمن نەبووە و هەتا سەر بە ڕێگا و ڕێبازی شەهیدان وەفادارماوەتەوە.
ناوبراو هەتا دواهەناسە، بە ئاواتی هەڵاتنی خۆری ڕزگاریی نیشتمان و وەدیهاتنی ئامانجی شەهیدان ژیانی بەسەر دەبرد. تەرمی کاک "ئەحمەد عەبدی" لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.