
"حوسێن مێهری" فەرماندەی یەکەی پاراستنی وەزارەتی ئاسەوارە میژووییەکانی ئێران وتوویەتی: "دەستمان بەسەر ١٣٨ ئاسەواری مێژوویی لە پارێزگای کرماشاندا گرتووە کە بۆ هەزار ساڵ پێش زایین، سەردەمەکانی ساسانی و ئیسلام دەگەڕێنەوە".
ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها باسی لەوە کردووە: "لەلایەن پارێزەرانی ئاسەوارە مێژووییەکانەوە و لە کاتی کڕین و فرۆشتنیان لە دووکانێکدا ئاگادار کراینەوە و کەسانی پەیوەندیدارمان دەسبەسەر کردووە".
"مێهری" لە درێژەدا زیادی کردووە کە ئەو ئاسەوارانە پێکهاتبوون لە ١٣٨ دانە، لەوانە "سکە، دەرزیلە، ملوانکە و ئەنگوستیلە".
لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، ھێزەکانی ڕێژیم بە ھاوکاریی دەستوپەیوەندییەکانیان لە کوردستان کە زۆرینەیان سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانن، بە بیانووگەلی جۆراوجۆر، سەرقاڵی دزین و دەرھێنانی ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستانن.
ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە شێوەیەکی سیستماتیک، هاوشێوەی دزینی هەموو سەرچاوەکانی داهات لە کوردستاندا، سەرقاڵی بەتاڵانبردنی ئاسەوارە مێژووییەکانیشە و تا ئێستا چەندین هەزار پارچەی گرانبەها لەم ئاسەوارانە کە نوێنگەی کولتوور و شارستانییەتی کوردستانە، بە تاڵان براون.