کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرماشان/ گەندەڵیی ماڵیی ٨ میلیاردی بەرپرسی بانکێکی دەوڵەتیی رێژیمی ئێران

13:14 - 13 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: بەرپرسی یەکێک لە لقەکانی پۆست بانکی کرماشان کە لە بانکە دەوڵەتییەکانی سەر بە رێژیمی ئێرانە، بڕی ٨ میلیارد تمەن پارەی دزیوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرپرسی یەکێک لە لقەکانی پۆست بانکی کرماشان، بە هەڵگرتن و گواستنەوەی پارە لە حسێبی هاووڵاتییانی کورد بۆسەر حەسێبی تایبەتیی خۆی، لە گەندەڵییەکدا بڕی ٨ میلیارد و ١٦ میلیۆن تمەنی دزیوە.

دەوترێت کە ئەم کەسە لە ماوەی چەند مانگدا، دوای وەرگرتنی پارە لە هاووڵاتییان و خستنەسەر حەسێبەکانییان، بە زووترین کات پارەکەی لە سەر حەسێبی ئەوان هەڵگرتووە و بۆ حەسێبێکی دیکە بە ناوی خۆیەوە گواستووەتەوە.

بەرز بوونەوەی گەندەڵیە ماڵیەکان لە بانک و ناوەندەکانی سەر بە رێژیمی ئێران لەلایەن کەسانی هەڵبژاردراوی رێژیمی ئێرانەوە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناوەندانە، متمانەی هاووڵاتییانی لە نێو بردووە.

چالاکی فەرمی پۆست بانک لە ساڵی ١٣٧٥ و پاش پەسند کردنی پەیڕەوەکەی لەلایەن شاندی وەزیران دەستی پێکرد و لە ساڵی ١٣٨٥ وەک بانکێکی فەرمی دەوڵەتی بە مۆڵەتی بانکی ناوەندی رێژیمی ئێران بە هەڵسووڕانی خۆی درێژەی دا.

بەرز بوونەوەی گەندەڵیی ئابووری لە ئێران و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا کە وەک یەکێک لە پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن وڵاتان لەلایەن رێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتییە، رێژیمی ئێرانی لە بواری پێوەری گەندەڵیی ماڵی لە نێوان ٣٠ وڵاتی یەکەمی خشتەی جیهاندا جێگیر کردووە.

بە سەرنجدان بە وێنەی ژێرەوە، رێژیمی ئێران لە بواری گەندەڵیی ماڵیی رایەداران و کاربەدەستان، وەک یەکێک لە گەندەڵترین وڵاتانی جیهان بە ئەژمار دێت و لە لای وڵاتانی عێراق، ئەفغانستان، تورکەمەنستان و ...لە ریزی یەکەمی گەندەڵی ماڵی دایە.

11552.jpg