کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی شارەداریی مەریوان لە دۆخێکی دژواری ئابوورییدا دەژین

18:10 - 28 پووشپەڕ 2720

کرێکارانی شارەداریی مەریوان لە نامەیەکدا داوایان لە شورای ئەم شارە کردووە حەقدەستەکانیان لە کاتی خۆیدا بدات.

کرێکارانی شارەداریی شاری مەریوان لە نامەیەکدا بۆ شارەداریی ئەو شارە نووسیویانه: "ژیان و گوزەرانیان بە سەختی دەچێتە پێش و پێویستە شارەداریی ئەو شارە حەقدەستەکانیان لەکاتی خۆیدا پێ بدات".

ئەم کرێکارانە بە ئاماژە دان بەو بارودۆخە دژوارە ئابوورییەی کە تێدا دەژین و نرخی باڵای شتومەک و کرێ خانووی زۆر، حەقدەستی ئیزافەکاریی چەندین مانگیان لە سەریەک کەڵەکە کراوە و هێشتا پێیان نەدراوە.

ئەو کرێکارانە لەو نامەیەدا نووسیویانە، کرێکاری تەنیا سەرچاوەی داهاتیانە و هەر بۆیە پێویستە لە کاتی خۆیدا پارەی کارەکانیان پێ بدرێت.

پێشتریش شارەداریی شاری مەریوان بە بیانووی داخستنی حیسابە بانکییەکانی ئیران حەقدەستی کرێکارانیان وەدوا خستبوو و ئەمەش بووە هۆی ئەوەیکە ئەم کرێکارانە دەست بدەنە مانگرتن.

مانگرتنی کرێکارانی شارەداریی مەریوان بوو بە هۆی ئەوەیکە زبڵەکانی ناو شار فڕێ نەدرێت و کێشە بۆ خەڵک دروست بکات.