کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی شارەداریی پیرانشار چەندین مانگە مووچەیان پێ نەدراوە

11:55 - 12 بەفرانبار 2721

کرێکارانی شارەداریی پیرانشار کە لە دۆخێکی دژواردا ژیان بەسەر دەبەن ناڕەزایەتییان دەربڕیوە کە لەلایەن شارەداریی ئەو شارەوە مووچەکانیان لە کاتی خۆیدا پێ نادرێت و بۆ چەندین مانگ وەدوا دەخرێت.

کارێکارانی شارەداریی پیرانشار باسیان لەوە کردووە کە شارەداری دوای تێپەڕینی چەند مانگ ٥٠ لەسەدی مووچەی مانگێکیان پێ دەدەن.

ئەو کرێکارانە کە گرانی و دۆخی سەختی ژیان کە بەهۆی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئیران بەسەریاندا سەپاوە باس لەوە دەکەن کە لەو دۆخەدا شارەداری نزیک ٥ مانگە مووچەی پێ نەداون و بە بیانووی جۆراجۆر مووچەکەیان وەدوا دەخەن.

هەر لەو پێوەندییەدا لە شاری پیرانشار خەڵکی گوندی ''تەمرچین'' سەبارەت بە نەبوونی بەرق ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و وتوویانە، ئەو گوندە کە کیلومیترێک لەگەڵ تیری بەرق و جادەی ئیسفاڵت و دەروازەی سنووری مەودای هەیە، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم بەرقیان بۆ ئەو گوندە نەکێشاوە.

خەڵکی گوندی ''تەمرچین'' باسیان لەوە کردووە: ''لە ئێستادا هەموو کوێرە دێیەک لە ئێران بەرقی بۆ چووە و ئێمە بەهۆی نەبوونی بەرق کاروباری ڕۆژانەمان پەکی کەوتووە و زیان بە مەڕوماڵاتەکەمان گەیشتووە''.