کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی شیرکەتیی "ئێران تۆیۆتا" کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد

18:14 - 4 خەرمانان 2720

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانان، کرێکارانی شیرکەتیی "ئێران تۆیۆتا"  بەهۆی ئەوەیکە ئەم شیرکەتە کڵاوی لە سەر خەڵکی داناوە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" گەیشتووە، ماوەیەک لەمەوپێش دەوڵەت یەک میلیۆن تمەنی بە قەرز بە خەڵک داوە، هەر بۆیە ئەم شیرکەتە کەڵکاژۆی لەو دەرفەتە وەرگرتووە و بەڵێنی بە کرێکارانی ئەم شیرکەتە داوە کە ئەگەر ئەو بڕە پارەیە بەو شیرکەتە بدەن لە ڕێکەوتی ١ی خەرماناندا ماشێن بەو خەڵکە دەدەن.

کاربەدەستانی ئەو شیرکەتە بەڵێنی خۆیان نەبردۆتەسەر، ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی کرێکاران و لە بەردەم ئەو شیرکەتە کۆ بوونەتەوە.

ڕێژیمی ئێران بۆ بێدەنگکردنی خەڵکی ناڕازی کەسێکیان بەناوی "حەدادی" بەرپرسی ئەو شیرکەتە دەسبەسەر کردووە.

بەڵام زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو کاربەدەستەی شیرکەتی "تۆیۆتا"یان تەنیا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دەسبەسەر کردووە ناوبراو لەگەڵ ڕێژیم هاوکاری هەیە و ئازاد کراوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە دۆخی کرێکاران لە ئێران لەگەڵ کێشە و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم بەرەوڕوویە و ڕۆژانە کرێکاران لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە بەرانبەر بە دۆخی خراپی ئابووری و پێنەدانی مووچە و حەقدەستیان ناڕەزایەتی دەردەبڕن.