کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی پێترۆشیمیی ئیلام لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە گرێبەستی نوێیان، گردبوونەوەیەکیان ڕێک خست

17:28 - 5 رێبەندان 2721

کۆمەڵێک لە کرێکارانی پێترۆشیمیی ئیلام کە لە بەشی جۆشکاریی ئەو پێترۆشیمییەدا کار دەکەن، لە ناڕەزایەتی ‌دەربڕین بەرامبەر بە گرێبەستی نوێیان، گردبوونەوەیەکیان ڕێک خست.

یەکێک لە کرێکاران وتوویەتی: "ماوەی ساڵ و نیوێکە لەو پێترۆشیمییەدا خەریکی کارین، سەرەڕای دابین‌ نەکردنی ئەمنییەتی کاری، بەپێی گرێبەستی نوێ پێیان ڕاگەیاندووین کە ١٥ ڕۆژ دەبێ بێینە سەر کار و ١٥ ڕۆژ لە مانگدا لە پشوودا بین".

ئەو کرێکارانە کە ژمارەیان ٢٤ کەسە چەندین ساڵە کە لەو پێترۆشیمییەدا کار دەکەن. هەموویان خێزاندار و لەگەڵ کێشەی ئابووری ڕووبەڕوون.

ئەوان وتوویانە کە ئەگەر لە مانگدا حەقدەستی ١٥ ڕۆژ وەربگرن، کێشەی ماڵی و کۆمەڵایەتییان بۆ دێتە پێشەوە.

کرێکاران لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا داوایان کردووە کە کارەکەیان بەپێی گرێبەستی پێشووتر بچێتە پێشەوە.