کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی کارخانەی تراکتۆرسازیی کوردستان شەش مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە

16:55 - 24 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: ەرپرسی کارخانەی تراکتۆرسازیی کوردستان بە بیانووی دابەزینی ئاستی لەسەدا ٧٠ی بەرهەمهێنان، ماوەی شەش مانگە حەقدەستی کرێکارانی نەداوە، هەروەها ژمی نیوەڕۆی کرێکارانیش لەلایەن خاوەنکارەکانەوە بڕدراوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەندین کێشەی وەکوو پێنەدان و دواکەوتنی حەقدەستی کرێکاران، بێبەری کردنی کرێکاران لە مافی بیمە، هەروەها دڵەڕاوکێ و مەترسیی دەرکرانیان لەسەر کار و نەبوونی ئەمنیەتی کار، بەرۆکی ئەو چینەی لە کۆمەڵگەی کوردەواریی گرتووەتەوە.

لە حاڵی حازردا کرێکارانی کارخانەی تراکتۆرسازیی کوردستان ماوەی شەش مانگە مووچەی کرێکارانی نەداوە و تەنانەت ژمی خوارنەکانیشیانی لێ بڕیوە و لە بڕی خواردن پارەیەکی بۆ لەبەرچاو گرتوون کە بە وتەی کرێکاران ئەو پارەیەشیان پێ نادرێت.

بەپێی ئاماری وەزارەتی کاری ئێران تەنیا لەسەدا ٧ی کرێکاران بە شێوەی گرێبەستی هەمیشەیی و بەردەوام کار دەکەن و لەسەدا ٩٣ی دیکەش بە شێوەی گرێبەستی کاتی سەرقاڵی کار کردنن.

دەرکردنی کرێکارانی خوجێی لە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و پیشەیی‌یەکانی کوردستان لەلایەن خاوەنکار و کۆمپانیاکانی سەربە سپای پاسدارانی رێژیمی ئێرانەوە بووەتەوە هۆی زیادبوونی رێژی بێکاری و ئەوەش دیاردەی هەژاری و بێکاریی لە رادەبەدەری بەدوای خۆیدا هێناوە.