کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکاران لە ئێراندا لە هەر جۆرە مافێک بێبەرین

12:50 - 14 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی ئەنجومەنی سێنفیی کرێکاران ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە ٦ ملیۆن کرێکار کە هیچ بیمەیەکیان نییە، لە کارگە نایاساییەکاندا خەریکی کارن.

''هادی ئەبەوی''، بەرپرسی ئەنجومەنی سێنفیی کرێکارانی ئێران باسی لەوە کردووە کە زیاتر ٦ ملیۆن کرێکار بەبێ ئەوەی کە هیچ بیمەیەکیان هەبێت، لە کارگە نایاساییەکاندا لە حاڵی کارکردندان.

ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی ڕەزبەر، باسی لەوە کرد کە زۆربەی ئەم کرێکارانە لە فێرگەکان و کارگەکانی بەرهەمهێنان کار دەکەن، بەڵام هیچ بیمەیەکیان نییە.

بە وتەی ناوبراو، زۆربەی ئەم کرێکارانە لە ترسی ئەوەی کە کارەکەیان لەدەست بدەن و بێکار بمێننەوە، یان ئەوەی کە زانیارییەکیان لەهەمبەر مافەکانی خۆیان نییە، بۆیە بەدواداچوونێک بەنیسبەت دۆخی بیمەکەیان ناکەن.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕۆژی ڕابردوو، ١٣ی ڕەزبەر، ''حەمید حاجی ئیسماعیلی''، کارناسی پەیوەندییەکانی کار، ژمارەی ئەو کرێکارانەی کە بیمەیان نییە، نزیک بە ٣ تا ٣.٥ ملیۆن کەس بەراورد کردبوو.

ڕێژیمی ئێران کە باوەڕی بە مافی هیچ چینێک لە کۆمەڵگادا نییە، چەند بەرابەر زیاتر زوڵم لە چینی زەحمەتکێش دەکات و ئەو چینە هێشتا لە ئێراندا لە لایەن ڕێژیمەوە وەکوو دیل هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت و لە هەموو مافەکانیان بێبەری کراون.