کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٠ کرێکاری هەفت تەپە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کران

11:23 - 12 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: لە درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕینی کرێکارەکانی هەفت تەپەدا، ٢٠ کرێکاری ئەم یەکەیە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراون.

ڕۆژی یەکشەمە، ١١ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران باسیان لە کۆتایی هاتنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی هەفت تەپە کرد و ڕایانگەیاند کە ئەم ناڕەزایەتیدەربڕینانە پاش ٢٧ ڕۆژ کۆتاییان پێ هاتووە؛ بەڵام خودی کرێکارەکانی هەفت تەپە لەم بارەوە هیچ راگەیەندراوێکیان بڵاو نەکردووەتەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە سەندیکای کرێکارەکانی ئەم بەشکۆیە، باسی لە بانگهێشتی ٢٠ کەس لە کرێکارە ناڕازییەکانی ئەم یەکەیە کردووە کە لە ڕێگای پێوەندیی تەلەفۆنی و هەڕەشەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراون.

کرێکارەکانی هەفت تەپە ، لە ڕۆژی ١٤ی خەزەڵوەری ئەمساڵەوە، بە نیسبەت وەرنەگرتنی مووچە و درانی ئەم یەکەیە به کەرتی تایبەت، خولێکی نوێ لە ناڕەزایەتییەکانی خۆیان دەست پێکرد.

لە ماوەی نزیک به یەک مانگ لەم مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕیندا جۆرەکانی هەڕەشە و ترساندن نەیتوانی لە سەر داواکارییەکانیان کاریگەری دابنێت و ئەوان لە ناڕەزایەتیدەربڕین بەردەوام بوون. 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بنەماڵەی کرێکارەکانیش پەیوەست بە ناڕەزایەتییەکانەوە بوون و لە کۆبوونەوەکاندا بەشدارییان کرد.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران به دەستبەسەرکردنی نوێنەری کرێکارەکان هەوڵی کپ کردنی دەنگی ناڕازییانی دا کە بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی ئەوان، ئەمجارە کرێکارەکان جیا لە داخوازییە کرێکارییەکانیان داوای ئازادکردنی هاوڕێیانی خۆشیان کرد.